دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ 27 قوتابخانە لە سنووری هەولێر دروست دەکرێن

K24 - هەولێر
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەم بە كەرتی پەروەردە، 27 قوتابخانە لە هەولێر دروست دەکرێن.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەم بە كەرتی پەروەردە و فێركردن و فەراهەمكردنی كەشێكی گونجاوی خوێندن بۆ قوتابیان، هەریەك لە د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كۆبوونەوە".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پلان و بەرنامەی ئەمساڵ 2024ی پارێزگای هەولێر، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی دروستكردنی چەندین قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر کراوە، ئەمساڵ نزیکەی 27 قوتابخانە لە سنووری هەولێر دروست دەکرێن".
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، ئاشکرای کرد: "لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردی بناغەی 10 قوتابخانە دادەنرێت".
راشیگەیاند: "ئەو قوتابخانانە کە وەبەرهێنەرەکان دەستپێشخەری دەکەن و دروستی دەکەن، هەموویان دەبێت بە موڵکی حکومەت، لە ئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت ئەو بابەتە یەکلا بکرێنەوە، کە هەر یەک لە قوتابخانەکان شەش پۆلی 12 بۆ 18 پۆلیشی تێدایە، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکوەزیران هەرخۆی بەردی بناغەی ئەو قوتابخانانە دادەنێت".
ئا: لاڤین عومەر