حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات
K24 - هەولێر
حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر دەکات و رایگەیاندووە، بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکان پێکدەهێنرێت.
سوودانی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق داوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران و کۆکردنەوەی زانیاریی بۆ ئەوەی راستیی و بەڵگەنامەکان بۆ رای گشتی عێراق و نێودەوڵەتی رابگەیەنرێت.
هاوکات حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەکێکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیل نشینی لە هەولێر بۆردومان کرد، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، ماڵی گەورە بازرگانێکی کوردە بەناوی پێشڕەو دزەیی، کە خۆیی و کچێكی تەمەن یەک ساڵ و شەش مانگ لە نێو شەهیدەکاندان.
هەروەها ژمارەیەک خانووی دیکەی هاووڵاتییانیش زیانیان پێگەیشتووە.