بەرهەم ساڵح لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر: دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی عێراق

K24 - هەولێر
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات و داوا دەکات عێراق لە ململانێیە ناوچەییەکان دووربخرێتەوە و رێز لە سەربەخۆیی وڵاتەکە بگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) "بەتوندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارارن بۆ سەر هەولێر کرد.
بەرهەم ساڵح هێرشەکان بە "بە دەستدرێژی و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراق" ناودەبات و داوا دەکات، عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان دووربخرێتەوە و ڕێز لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی بگیرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".