کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر: بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل قبوڵکراو نییە

K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، ئاماژە بەوەدەکات، لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو نیگەرانن و گوتی: بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل قبوڵکراو نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، هاتووین بۆ ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوخەمی بۆ خانەوادەی پێشڕەو دزەیی.
کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، من لە نزیکەوە پێشڕەو دزەییم دەناسی، کەسێکی خۆشەویستبوو، بازرگان بوو، سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەکەی کرد.
محەممەد مەولود یاقوت، گوتیشی: "لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو نیگەرانین و بەئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل قبوڵکراو نییە".
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
ههروهها ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".