سەرمایەدار و وەبەرهێنەران لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکەن

K24 - داڤۆس:
سەرمایەدار و وەبەرھێنەرانی هەرێمی كوردستان بە تووندی سەركۆنەی ھێرشكردنە سەر ھەولێر و ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی دەكەن و دەڵێن "ئەم پەلامارە ترسنۆكانە ھیچ پاساوێك ھەڵناگرێت و بە ئامانجكردنی خەڵكی سڤیل کارێکی نامرۆڤانەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، نەوزاد یەحیا باجگر، سەرمایەدار و وەبەر‌هێنەری شاری هەولێر، لە بارەی شەهیدبوونی پێشڕەو دزەیی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کووشتنی هاووڵاتییانی سڤیل کارێکی ناڕەوایە و بە تووندی ئیدانەی دەکەم.
ئاماژەی بەوەدا، "پێشڕەو دزەیی بازرگان و خاوەن کاربوو کە چەندەها هەلی کاری بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر رەخساندبوو، کۆچی ئەبەدی ناوبراو هەموومانی دڵتەنگ کردووە و لە خودای گەورە داواکارم جێگای بەهەشت بێت".
ئەو سەرمایەدارە دەشڵێت: ئەو کەسانەی کە ئەو کارە تاوانکارییانەیان ئەنجامداوە هیچ ویژدانێکیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، شوان زراری، وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دار سه‌باره‌ت به هێرشه مووشه‌كییەکانی سه‌ر هه‌ولێر گوتی: سه‌ركۆنه‌ی هێرشه تیرۆریستی و ترسنۆكانەی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كەم.
جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستیانه گه‌لی كوردستان ناترسێنێت، به‌ڵكو كۆڵناده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵك و خاكی هه‌رێمی كوردستان.
شوان زراری گوتیشی: هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵك هه‌رێم، ئاراسته‌ی خۆی گرتووه و له‌و ئاراسته‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و پاشه‌كشێی لێ ناكات تا هه‌مووان ده‌گه‌نه قۆناغی ئارام.
لەلایەن خۆیەوە كه‌مال ئاغا، وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هێرش بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بێ پاساوە و كارێكی قبووڵنه‌كراوه.
كه‌مال ئاغا به پێویستی زانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌و هێرشانه، هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، چونكه له قازانجی هیچ كه‌سدا نییه.
لەلایەکی دیکەوە پۆڵا تاڵەبانی، سەرمایەداری شاری هەولێر، دەڵیت: لە هەموو جیهاندا ئەو کارانە جێگەی قبوڵ نییە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ناڕوخێت و ئێمە پشتگیری حکومەتی خۆمان دەکەین.
ئەو سەرمایدارە ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشانە وامان لێدەکات زیاتر سوور بین لەسەر کارەکانمان، هەروەها هێرشە مووشەکییەکان ناتوانن بمانوەستێنن.
لەلایەن خۆیەوە، عەبدولستار مەولود، سەرمایەداری شاری هەولێر بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت: ئەوەی ئەنجامدراوە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل کارێکی نامرۆڤانەیە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".