دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی: دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکاکەیان بووە بە مەرگ بۆ خەڵکی ئارامی هەولێری پایتەخت
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی ئەمیندارێتی گشتیی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسوڵمانان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکاکەیان بووە بە مەرگ بۆ خەڵکی ئارامی هەولێری پایتەخت.
رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) دکتۆر سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنی، ئەندامی ئەمیندارێتی گشتیی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسوڵمانان لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "دەبینن ماوە ماوە ئێران لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە هێرشی مووشەکی و بە درۆنەکانی هێرش دەکەنە سەر کوردستان و هەولێری پایتەخت و خەڵکەکە و گەڕەکەکانی دەکەنە ئامانج و هەر جارەو کۆمەڵێک خەڵک دەکەنە قوربانی و چەند خانوو و کۆشکێک خاپوور و ئارامی شارەکە تێکدەدەن".
دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی ئاماژەی بەوەکردووە: "بە حسابی خۆیان کێشەیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە، کەچی تائێستا خوێنیان لە لووتی سەربازێکی ئەوان نەهێناوە کە بنکە و کونسوڵییەکانیان هەر لەو ناوچانەدایە کە خەڵکی بێگوناحەکەی لێیە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پێنجوێنی دەڵێت: دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکاکەیان بووە بە مەرگ بۆ خەڵکی ئارامی هەولێری پایتەخت و بۆ ئەمەریکا و زایۆنیش بوونەتە "بردا و سلاما" و تەنانەت هەموو هەفتەیەک ئیسرائیل و ئەمەریکا بنکە و بارەگاکانیان لە سووریا بۆردومان دەکەن کەچی فزەیان لێوەنایەت وەک شاعر دەڵێت: "اسد علی وفی العروبی نعامە".