وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: رێگە نادەین باڵیۆزی ئێران بگەڕێتەوە وڵاتەکەمان
K24- هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، پاکستان باڵیۆزی خۆی لە ئێران بانگکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە رێگە بە گەڕانەوەی باڵیۆزی ئێران نادات بگەڕیتەوە پاکستان کە ئێستا سەردانی ئێرانی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، لەچەند رۆژی داهاتوودا هەموو سەردانەکان لە ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران رادەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانکردنی پاکستان کردەوەیەکی قبوڵنەکراوە و پاکستان مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئێران بۆ سەر پاکستان، دوو منداڵی پاکستانی کوژراون.
کەناڵی هەواڵی "جیو"ـی پاکستانی، لە زاری مومتاز زەهرا بەلوچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستانەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "پاکستان بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی ناڕەوای ئێران دەکات بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو منداڵی بێتاوان و برینداربوونی سێ کچ".
میدیا فەرمییەکانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بنکەکانی سەر بە رێکخراوێکی تیرۆریستیان لە پاکستان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کردۆتە ئامانج و بنکەکەیان لەناو بردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گوتی: ئەم پێشێلکارییە بە تەواوەتی قبوڵنەکراوە، دەشڵێت: لێکەوتەی ترسناک بەدوای خۆیدا دەهێنێت.