وەزیری دارایی: لەگەڵ بەغدا لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتووینەتە رێککەوتن

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەگەڵ بەغدا لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی هەموارەکە پەسەند بکات.

رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەغدا لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە رێکەوتووین و هیوادارین لە پەرلەمانیش بێ کێشە تێپەڕێت

لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنییانەیە کە ماوەی چەند ساڵێکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە زیاتری هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، وەزیری دارایی رایگەیاند لەدوایین سەردانیان بۆ بەغدا لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێکەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت.

دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووەتە ئاراوە و ئومێد دەکەن لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە رێکەوتن.

لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند هەست بەو فشارو کاریگەریانە دەکەن کە لەسەر ئابووری هەرێم و مووچەخۆران هەیە و هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێکەوتنێکی گشتگیر.