لەبارەی تەندروستی ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی روونکردنەوە دەدرێت
K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای دەکات کە باری تەندروستی ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی بەرەو باشتر دەچێت.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی یەکەمی رووداوی هێرشی تیرۆرستی بۆ، سەر ماڵی خوالێخۆشبوو (پێشڕەو دزەیی) کرا رزگارکردنی ژیانی برینداران بوو، بەتایبەتی باری زۆر ترسناک و ناجێگیری هەردوو کوڕەکەی و خێزانی خوالێخۆشبوو، کارێکی گەورە و لە رادەبەدەر بوو، بەتایبەتی کوڕی گەورەی (رۆژ پێشڕەو دزەیی) کە باری تەندروستی یەکجار خراپ بوو بەهۆی سەختی برینەکانی جەستە و تەواوی خوێنبەربوون، خۆشبەختانە ژیانی تا ئێستا رزگار کراوە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دایە".
وەزیری تەندروستی دەڵێت: "لە دوو رۆژی رابردوودا هیچ نەشتەرگەریەکی بۆ نەکراوە و ئەو هەواڵانەش رەتدەکەینەوە گوایە کوڕی بچووکی گیانی لەدەستداوە. لە ئێستادا باری تەندروستی روان و هانای خێزانی باشە".