خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشەکانی سەر هەولێر ناڕەزایەتی دەردەبڕن

خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشەکانی سەر هەولێر ناڕەزایەتی دەردەبڕن
خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشەکانی سەر هەولێر ناڕەزایەتی دەردەبڕن

K24 - هەولێر

خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. هاووڵاتییان سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەن و دەڵێن، ئامانجی ئێران تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە. 

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-01-2024، کاتژمێر 10:30، بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی؛ خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵکی دهۆک لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون، دەستیپێکرد.

هاووڵاتییەکی دهۆک کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کردووە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی هێرشە ناحەقییەکەی سوپای پاسدران بۆ سەر شاری هەولێر شەرمەزار بکەین. ئەو هێرشە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و منداڵ و خەڵکی سڤیل بووەتە قوربانی".

هاووڵاتییەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانجی سەرەکی ئێران بنبڕکردنی گەلی کوردە و نایەوێت ئێمە بوونمان هەبێت. بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، بەڵام با لەوە دڵنیابن، هەموو هەوڵەکانیان بێ ئاکام دەبن".

هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی ئێزدی بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە بەرامبەر ئەو ‌هێرشە مووشەکییە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستی جیددیان هەبێت. کورد میللەتێکی ئاشتی خوازە و هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک".

هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان جێگەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانە و نامانەوێت بەردەوام لەلایەن وڵاتانی دراوسێییەوە بکرێتە ئامانج. داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەیە، سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سڤیل نەکرێتە قوربانی".

خۆپێشاندەرێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەیانەوێت لە رێگەی ئەو هێرشانەوە، ئارامی و سەقامگیرییەکەی تێکبدەن. بۆ هەموو لایەک روونە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها هەرێمی کوردستان ئارامە، دەیانەوێت ئەوەش نەهێڵن".

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.