بەرگری شارستانی: چەندین قورئان و یاری منداڵانمان لە ماڵی شەهید پێشڕەو دۆزیووەتەوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند: کاریگەرترین دیمەن کاتی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە بوو، کە پارچەیەک لەشی پێوە نەمابوو، هەروەها زۆرێک لە یاری منداڵان، بەرماڵی نوێژ و چوار قورئانی پیرۆزمان دۆزیووەتەوە.

موقەدەم کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "شەوی هێرشەکەی سەر هەولێر کاتژمێر 11:32 خولەک پەیوەندیمان پێوەکرا کە رووداوەکی لەو شێوەیە هەیە، ئێمەش دەستبەجێ دوو تیمی نزیک لە رووداوەکەمان ناردە شوێنی مەبەست، دواتر داوای تیمی پاڵپشتمان کرد و هەشت تیمی دیکەمان زیاد کرد کە بووینە 10 تیم".

گوتیشی: "بەداخەوە لە کاتی گەڕانەکاندا چوار کەس گیانی لەدەستداوە و شەش کەسیش بریندار بووە، کە یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، ئەو کەسەش خەڵکی فلیپینە و ناوی "میشێل"ـە و تەمەنی 42 ساڵە".

باسی لەوەشکرد: "کاریگەرترین دیمەن کاتی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە بوو، کە پارچەیەک لەشی پێوە نەمابوو، ئەمەش دوای چوار کاتژمێر لە گەڕانی شوێنەکە ئەو منداڵەمان دۆزییەوە، و دواتر ناردمانە پزیشکی دادی، هەروەها زۆرێک لە یاری منداڵان و بەرماڵی نوێژ و چوار قورئانی پیرۆزمان دۆزیوەتەوە، کە دانەیەک و دووانیش نییە وەکو کتێبخانەیەک وابووە.

راشیگەیاند، دوێنێ هەستمان کرد لە گۆشەیەکەوە جوڵە و دەنگێک هەبوو، کە بەردەکانمان لابرد سەیرمان کردووە بێچووە سەگێک بوو کە ماوەی دوو رۆژ بوو لەژێر داروپەردوودا گیری خواردبوو، دواتر لەبەشی سەرەوە باڵەخانەکەدا باڵندە و کۆتری لێکەوتبوو.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کارتی نیشینگەکەی میشێلمان دۆزییەوە کە ئێستا بێسەروشوێنە، هەروەها پارچەیەکی بچوکمان دۆزیووەتەوە بەڵام نازانین هی مرۆڤە یان نا، ئومێد دەکەین لاشەی ئەو ئافرەتەمان بە نەشێواوی دەست بکەوێتەوە بۆ ئەوەی رادەستی کەس و کارییان بکەینەوە، چونکە کەس و کارەکەی لەرێگەی حکومەت و کونسوڵخانە و کوردستان24 لەسەر خەتن.

میراودەلی دەشڵێت: هیوادارین ئەو لاشەیە پارچە پارچە نەبووبێت، چونکە ئەرکمان قورستر دەکات، بۆیە ئەمڕۆ پلانی گەڕان تەواوەتیمان هەیە، گوتیشی: ئەوەی ئێمە دەبینی پێنج شوێن دیارە کە جێگای کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانە.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی 15 لەسەر 16ـی 01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.