هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەنێوخۆی ئەمەریکادا کاردانەوەی لێکەوتەوە
K24 - هەولێر
هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر کاردانەوەی ئەمەریکای بەدوای خۆیدا هێنا. لە ئاستی ئیدارەی کۆشکی سپی و کۆنگرێس سەرکۆنەی هێرشەکە کرا. لەنێو شەقامی ئەمەریکاش، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکرێت بە چەک و سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو پارێزگاری لە کورد بکات.
"هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر بە تووندی سەرکۆنە دەکەین"؛ ئەمە هەڵوێستی کۆشکی سپییە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، دامەزراوەکانیان بە ئامانج نەگیراون و هێزەکانیان و کۆنسوڵخانەی ئەمەریکاش زیانیان پێنەگەیشتووە. پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا گوتی، "وەک بزانم هیچ لە هێرشەکانی ئێران خەڵکی ئەمەریکا و دامەزراوەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بۆیە بە تێگەیشتنی من ئەو هێرشانە ورد نەبوون."
هێرشەکەی ئێران بێ کاردانەوەی تووندی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نەبوو. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس کۆبوونەوە و دواتریش لە بەیاننامەی جیادا سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، پشتیوانی ئیدارەی ئەمەریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە هێرشەکانی ئێران سەرکۆنە دەکەین، هەر وەک دوێنێش کردمان. لەدوای ئەو هێرشانە، وەزیری دەرەوە بلینکن لەگەڵ سەرکۆوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوە جەختی لە گرنگیی هاوبەشیی ئەمەریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و دووپاتیکردەوە، ئەمەریکا راشکاوانە سەرکۆنەی دەستدرێژی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات".
د. ئامی ئۆستن، پسپۆڕی بەشی پەیوەندییە نێودەڵەوتییەکانە لە زانکۆی جیۆرج واشنتن و شارەزای پرسی کورد و ناکۆکی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئامی پێیوایە هێرشەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی وەبەرهێنەران پەیوەستە بە گەشەی خێرای هەرێمی کوردستان کە ئەمە بەدڵی تاران نییە.
د. ئامی ئۆستن دەڵێت: "ئەگەر کەمێک دوورتر بگەڕێینەوە دواوە و سەیری ئەو شێوازە بکەین کە ئێران بەکاریهێناوە لە هەراسانکردن، ترساندن و بە کوشتنی خەڵک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەو چوارچێوەیەدا روونە کە ئێران دڵخۆش نییە کە هەرێمی کوردستان لەنێو عێراقدا هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییە. هێرشەکەی ئێران پەیوەست نییە بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی یاخود کێشەی ئەمنی؛ بەڵکوو زۆر ئاشکرایە پەیوەستە بە گەشەی ئابووریی هەرێمی کورستان."
جگە لە کاردانەوەی ئیدارەی ئەمریکا کە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات، لەنێو شەقامی ئەمەریکاش پێویستی پاراستنی کورد وەک هاوپەیمانێکی ئەمەریکا لە شکستپێهێنانی داعش جارێکی دیکە بووەتەوە پرسێکی گەرمی شرۆڤەکاران و دەڵێن کاتی ئەوەیە حکومەتی وڵاتەکەیان بە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگری کوردەکان لە هەڕەشەکان بپارێزێت.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.
لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.