یەحیا رەسوول: لە بۆردومانەکەی بنکەی عەین ئەسەد سەربازێکی عێراقی برینداربووە

یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک بنکەی لیوای 29ـی فرقەی حەوتی سەر بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە لە بنکەی عەین ئەسەد کەوتە خوارەوە.

رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی 2024) یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەک مووشەک لە بنکەی عەین ئەسەد، سەربازێکی عێراقی برینداربووە و زیان بە بارەگای لیوای 29 گەیشتووە.

یەحیا رەسوول ئاماژەی بەوەشکردووە، بنکەی عەین ئەسەد، چەند بارەگایەکی سەربازی عێراقی لێیە لەگەڵ بوونی سەربازگەیەکی راهێنانی عێراقی لە بنکەکە و لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی شەممە کرانەتە ئامانج.

هەروەها گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتی هەواڵگری دەگەنە بکەرانی ئەو هێرشە و رووبەڕووی دادگایان دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.

پێشتر بەرەی مقاوەمەی عێراقی بەر پرسیاریەتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی بنکەی عەین ئەسەد راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بە چەند مووشەکێک بنکەی هاوپەیمانانیان لە عەین ئەسەدیان بۆردومان کردووە.

Fly Erbil Advertisment