دكتۆر نه‌شوان نه‌شئه‌ت بۆ كوردستان24: هه‌ردوو خزمه‌تگوزاره برینداره‌كه‌ی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و دزه‌یی بارودۆخیان جێگیره
K24- هه‌ولێر:
له‌باره‌ی دۆخی بریندارەكانی هێرشەكەی ئێران بۆسەر هەولێر، په‌یامنێری كوردستان24 له‌هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ردوو خزمه‌تگوزاره برینداره‌كه‌ی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و ده‌زیی، پێویستییان به چاره‌سه‌ره و له ئێستادا نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كراوه و پزیشكی تایبه‌تی نه‌شته‌رگه‌ریش ده‌ڵێت: هه‌ردووكیان بارودۆخیان جێگیره.
رێناس عه‌لی په‌یامنێری كوردستان24 له‌هه‌ولێر رایگه‌یاند، هه‌ردوو خزمه‌تگوزاره برینداره‌كه‌ی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و كه به‌هۆی هێرشی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر برینداربوون، تا ئێستا له نه‌خۆشخانه له ژێر چاودێری ته‌ندروستیدان و هه‌موو شتێكی پێویستیان بۆ كراوه.
له‌مباره‌یه‌وه دكتۆر نه‌شوان نه‌شئه‌ت، پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و بڕبڕەی پشت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سه‌ره‌تای رووداوه‌كه ئه‌و دوو خزمه‌تگوزاره برینداره‌ی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و دزه‌یی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی رۆژئاوا گوازرانه‌وه و له‌وێ چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییان بۆ كراوه، دواتر دوێنێ هه‌ردووكیان نه‌شته‌رگه‌ریان بۆ كرا و سوپاس بۆ خوا له ئێستادا بارودۆخیان جێگیره و ئه‌وه‌ی پێویسته بۆیان كراوه.
ئه‌و پزیشكه راشیگه‌یاند، هه‌ردوو خزمه‌تگوزاره برینداره‌كه زه‌بری فیزیكی و ده‌روونیان به‌ركه‌وتووه، ئه‌وه‌ی فیزیكییه ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری خێرای بۆ بكرێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ری زه‌بری ده‌روونی پێوێستی به‌كاته‌وه هه‌یه.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.