هەیسەم پترۆس: ئەوان با هەر مووشەک لە ئێمە بدەن، ئێمەش هەر کوردستان ئاوەدانتر دەکەینەوە

K24-هەولێر:
کەسایەتیەکی ئایینی کریستیان ئاماژە بەوە دەکات، ئێران چاوی بە پێکەوە ژیان و ئاوەدانی کوردستان هەڵنایێت، بۆیە کریستیان و موسڵمان و کوردستانیان مووشەکباران دەکات، دەڵێت: ئێمە مووشەک و فڕۆکەمان نییە تاران بۆردومان بکەین و ئەوە کاری ئێمەش نییە، بەڵام لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەردەوام دەبین و گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان پتەوتر دەکەین بۆ ئەوەی ناحەزانی کوردستان دڵیان شەق بەرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە(21ی کانوونی دووەمی 2024)، هەیسەم پترۆس کەسایەتی کریستیان لە دهۆک بە کوردستان24 ی گوت: ئەو وڵاتەی ئێمە سەدان ساڵە ژێر دەستی ئەو داگیرکارانەیە و دەمانکوژن ، ئەوان چاویان بە کوردستان هەڵنایێت، چونکە دەبینن کوردستان هەر ئاوەدان دەبێت، هەموو ئایین و نەتەوەکان بە ئارامی تێیدا دەژین کە پترن لە هەموو جێیەکی دیکەی دونیا، دەشڵێت: ئێمەی کوردستانی کریستیان لەگەڵ کوردستانییەکی موسڵمان کە بەیەک دەگەین، بەیەک دەڵێین ئامۆزا، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان چاویان بەو پێکەوە ژیانە هەڵناێیت، چەندی ئێمە کوردستان ئاوەدانتر دەکەینەوە، ئەوان تۆپی زیاتر لە ئێمە دەدەن، دەڵێت: با ئەوان هەر تۆپ بهاوێژن، ئێمەش هەر بەیەکگرتوویی کوردستان ئاوەدانتر و گەشتر دەکەین.
لەبارەی هەڵوێستی کریستیانەکان، هەیسەم پترۆس دووپاتیکردەوە، ئەوان نەوەک هەر لە کوردستان، لە دەرەوەی کوردستانیش بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزدەکەنەوە لە بەرامبەر بارەگا و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: ئێمە تۆپ و فڕۆکەمان نییە تاران بۆردومان بکەین، ئەوە کاری ئێمە نییە، بەڵام کاری ئێمە ئەوەیە هەڵوێست وەرگرین و بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەین.
ئەو کەسایەتییە ئاینیە گوتی: ئێمە بینیمان پاپای فاتیکان بە فەرمی ئیدانەی هێرشی ئێرانی بۆسەر هەولێر کرد، ئەو هەڵوێستە کاریگەری هەیە، چونکە ئێمە بە یەکگرتوویی و بە یەکڕیزی، بە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان کە دەنگی خۆمان بڵند کرد، کاریگەری دروستکرد و وڵاتان هاتنە سەر هێڵ و کارێک دەکەن بۆ کوردستان، دەڵێت: ئێمە وەک پێکهاتەیەکی کوردستان دەنگی خۆمان دەگەیەنینە وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیار کوردستانمان بپارێزن لە دوژمنەکانمان و داگیرکارانمان، چونکە ئەوان هەمیشە بەدوای پاساوی بێبنەمان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کوردستان و بمانکوژن، ئێمەش ئەوە قەبوڵ ناکەین.
لەبارەی خواستی خەڵکی کوردستانیش، ئەو کەسایەتییە کریستیانە گوتی: سەروەری هەرێمی کوردستان وەک سەروەری عێراق نییە، ئێمە کردارمان دەوێت نەوەک تەنها قسە، ئەوان نایانەوێت ئەو پێکەوە ژیانە لە کوردستان بمێنێت، ئەوان کە مووشەک و تۆپ دەهاوێژن، بۆ هەموو کوردستانی دەهاوێژن کە پێکهاتە و ئایینی جیای تێدایە، خۆ لە بۆردومانەکە بەڵگەی تەواو بوو لەسەر ئەوەی، موسڵمان و کریستیانیان بەیەکەوە شەهید کران، لەبەر ئەوەیە هەڵوێستی عێراق لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە.