سەربازێکی ئێرانی لە بنکەیەکدا پێنج سەربازی هاوەڵی کوشت

K24 – هەولێر

فەرماندەی سەربازگەی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەرتەشی ئێران ئاشکرایکرد، لە شاری کرمان سەربازێکیان دەستڕێژی لە ژمارەیەک سەربازی هاوەڵی کردووە و پێنج سەربازی کوشتووە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری ئەمیر غوڵامعەلیان، فەرماندەی قەرارگەکەی ئەرتەش بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە سەربازێکی بنکەیەکیان لە شاری کرمان لە کاتی ئەرکی پاسەوانیدا چووەتە شوێنی پشوودانی سەربازەکان و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت، دەستڕێژی لە سەربازەکانی هاوەڵی کردووەو پێنج سەربازی کوشتووە.

بە گوتەی فەرماندەکەی ئەرتەش، ئەو سەربازە تەقەی کردووە دوای رووداوەکە هەڵاتووەو دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراوە، بەڵام ئاماژەی نەداوە هۆکاری ئەو دەستڕێژی کردنەی چی بووە.

بەگوێرەی دەستووری ئێران، ئەرکی سەربازی لە ئێران لە سەر هەموو گەنجێکی سەروی 18 ساڵ ناچارییە و دەبێت 24 مانگ خزمەتی سوپای وڵاتەکەیان بکەن، جگە لەوانەی بەهۆکاری نەخۆشی یان هەر هۆکارێکی دیکەی یاسایی لە خزمەتی سەربازی بەخشراون.

Fly Erbil Advertisment