پاکستان و سعوودیە مەشقی سەربازی هاوبەش ئەنجام دەدەن
K24 - هەولێر
هێزە سەربازییەکانی پاکستان رایانگەیاند، مەشقی سەربازی هاوبەش لە نێوان سوپای پاکستان و هێزە وشکانییە شاهانەییەکانی سعودییە لە ناوچەی ئۆکارا لە پارێزگای پەنجاب لە رۆژهەڵاتی پاکستان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ22ـی کانوونی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکانی خزمەتگوزاری راگەیاندنی سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە لە کاتی کردنەوەی مەشق و راهێنانەکان لە ناوچەی ئۆکارا کە لەلایەن لیوای موڵتان سوپای پاکستانەوە رێکخراوە و یەکەکانی هەردوو وڵات راهێنانی سەربازیی ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی پرۆگرامی مەشق و راهێنانی هاوبەشەوە هێزەکانی هەردوو وڵات دەرفەتیان دەبێت بۆ ئەوەی لێهاتوویی خۆیان لە خولی ئەکادیمی و لە تواناکانی شەڕ وردتر بکەنەوە، ئەمەش بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی شەڕ.
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان، لە کۆتایی مەراسیمی راهێنانەکەدا، بڕوانەمەی راهێنانی هاوبەش بەسەر ئەفسەر و سەربازانی هەردوولا دابەش دەکرێت.