رووماڵ

پێشه‌وا هه‌ورامانی: هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر بە هیچ بانگەشه‌یه‌كی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ پەردەپۆش ناكرێت

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 22ـی كانوونی دووه‌می 2024 په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌: جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە، سەرباری ئەوەی شاندی حكوومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكیەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن.

پێشه‌وا هه‌ورامانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئایه‌تی قورئانی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) رێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە".

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی دیكه‌ كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.

سەرۆک بارزانی لە پەیامی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند: "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بەبێ پاساوە و نامەردانەیە".

هاوکات لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران، زاخۆ، ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بەڕێوەچوو، هەروەها رەوەندی کوردستانیش لە 15 وڵاتی جیهان، بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆک، داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

ده‌قی پەیامه‌كه‌ی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

ڕۆژی دووشەممە 22ی 1ی 2024 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكیەكەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لەدژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە.

 جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكوومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكیەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لەدژی هاووڵاتیانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە.

ئایه‌تی قورئانی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە.

ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن - منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لەدژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت.

ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن موشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و موشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.

پێشەوا هەورامانی

وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان