لەنجە دزەیی: تاکە تاوانی شەهید پێشڕەو دزەیی کوردبوونی و نیشتیماندۆستی بوو

لەنجە دزەیی
لەنجە دزەیی

K24-هەولێر:

ئامۆزایەکی شەهید پێشڕەو دزەیی باس لە کارە نیشتیمانیی و مرۆییەکانی شەهید پێشڕەو دزەیی دەکات بۆ وڵاتەکەی و دەڵێت: تاکە تاوانی پێشرەو دزەیی ئەوە بوو، کورد بوو، وڵاتی خۆی خۆشدەویست و دەیویست ببێتە جوانترین شاری جیهان.

ئەمڕۆ سێشەممە(23ی کانوونی دووەمی 2024)، لەنجە دزەیی ئامۆزای پێشرەو دزەیی لەبارەی کارە مرۆیی و نیشتیمانییەکانی پێشرەو دزەیی بۆ کوردستان24 کرد ، بەر لە هەر شتێک، سوپاس خەڵکی کوردستان و خەڵکی مرۆڤدۆستی لە عێراق و دەرەوە کرد، بۆ هاوسۆزی و هاوخەمیان ببەرامبەر ئەو تاوانە دڕندانەی ئێران بەرامبەر خانەوادەیەکی سڤیل لە شاری هەولێر ئەنجامیاندا کە تاکە تاوانیان ئەوە بوو کوردپەروەر بوون  وڵاتەکەی خۆیان خۆش دەویست، دەڵێت: شەهیدکردنی پێشڕەو دزەیی و کچە پەپولەکەی لە تاوانە هەرە گەورەکانی ئێرانە.

لەبارەی کەسایەتی شەهید پێشڕەو، لەنجە دزەیی گوتی: شەهید پێشڕەو، مرۆڤدۆست بوو، کەسێکی میهرەبان بوو، مرۆڤێکی کەم وێنە بوو لە سادەیی و خاکیی بوون، لە هەوڵی بونیاتنانی کوردستان بوو، کە دەستی بە پرۆژەی ئیمپایەر کرد، هەمیشە دەیگوت، پێم خۆشە هەولێر ببێتە یەک لە شارە جوانەکانی جیهان.

لەنجە دزەیی لەبارەی پرۆپاگەندەکانی ئێران کە گوایە شەهید پێشڕەو  کاری بزنسی نەوتی کردووە، گوتی: شەهید پێشرەو دزەیی تەنها کاری بزنسی کردووە، گرنگی بە بارودۆخەکان دەدا، دەڵێت: کە خۆم هەڵبژارد بۆ پەرلەمانی کوردستان، گوتی پشتگیریت دەکەم،کە پێم گوت پۆستەرەکانی خۆم لە ئیمپایەر هەڵدەواسم، قەبولی نەکرد و گوتی، هەموو پشتگیریەکت دەکەم، بەڵام نامەوێت پرۆژەکەم تێکەڵی سیاسەت بکەم، هەرگیز کاری لە نەوت نەکردووە، تاکە تاوانی ئەوە بوو وڵاتەکەی ئاوەدان دەکردەوە، ئێران لەو هێرشەکی کردیە سەر هەولێر و ماڵی شەهید پێشڕەو، ئامانجیان تێکدانی ئارامی کوردستان و تێکدانی ئابووریەکەیەتی.

گوتی: ئەگەر باسی کارە خێرخوازییەکانی شەهید پێشڕەو بکەین، پێویستە چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر بکەین، لە پرسی پیشمەرگە و پرسی کارەساتی بەسەر ئێزدییەکاندا هات چەندین کاری کردووە، بەڵگەش لەسەر ئەوە، رۆژی دوای شەهید کردنی، ژنە ئێزدیەک پەیوەندی پێوەکردم و زۆر گریا بۆی و گوتی: لە ئێمە چوو، لەنجە دەڵێت: شەهید پێشڕەو زۆر کاری خێرخوازی دەکرد، سەدان خێزانی هەژاری سەرپەرشتی دەکرد، ملیۆنێک دۆلاری بۆ خانەوادەی شەهیدان دابینکرد، لە شەڕی داعش خواردنی پێشمەرگەی دابین دەکرد لە ماوەی ساڵێکدا، لە سەردەمی کۆرۆناش پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان دابین دەکرد بە باشترین کوالێتی تاوەکو پەتاکە کۆنتڕۆڵکرا، لە بواری کشتوکاڵیش هەوڵی دەدا خزمەت بکات، بەڵام پرۆژەکانی شەهید بەردەوام دەبێت و بە هەزاران ژینا و پێشڕەو دروست دەبنەوە.

لە پرسی ژینگەش، لەنجە دزەیی ئاماژەی بەوە کرد، شەهید پێشڕەو هەمیشە گرنگی بە ژینگە دەدا و، هەوڵی دەدا هاوکاری حکومەت بکات لەو بوارە، پێی خۆش نەبوو خۆی دەربخات، لەنجە دزەیی سوپاسی بۆ میدیا بەرپرسەکانی کرد کە ئەو پرسەیان کردە پرسێکی جیهانی و نیشتیمانی و مرۆڤایەتی، داوای لە رژێمی ئێرانیش کرد بەخۆیاندا بچنەوە، گوتی: کە دەڵێن ئەمریکا و ئیسرائیل دوژمنی ئەوانن، خێرە تا ئێستا خوێن لە پەنجەی هیچ ئیسرائیلی و ئەمریکییەک نەهاتووە بە مووشەکی ئەوان، بەڵام منداڵێکی بێتاوانی یانزە مانگی بە پێنج مووشەک شەهید دەکەن.

Fly Erbil Advertisment