وەفا کەریم: عێراق بۆتە دەروازەی گواستنەوەی چەکی ئێران بۆ ناوچەکە

K24-هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، عێراق بۆتە دەروازەیەکی باشی گواستنەوەی چەکەکانی ئێران بۆ میلیشیاکانی لە ناوچەکە کە شەڕی بە وەکالەتی بۆ دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە(23ی کانوونی دووەمی 2024)، وەفا محەمەد کەریم، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی هێرشە بێپاساوەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کاردانەوەکانی ئەو هێرشە، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سزاکانی سەر ئێران قۆناغ بە قۆناغ تێپەڕیوە و جێبەجێکراوە، دەڵێت: زۆربەی کارەکانی ئێران لەناوچەکە دەیکات ، بریکارەکانی بۆی دەکەن، پێی وایە ئێستا ئەمریکا سزا نەوەک هەر لەسەر ئێران، بەڵکو لەسەر هاوپەیمانەکانیشی دادەنێت،دەشڵێت: ئێران دەتوانێت رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە هاوکاری میلیشیاکانی عێراق هاوردە بکات.
لەبارەی پرسی هیلالی شیعیش، ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە گوتی: پرسی هیلالی شیعی لە مێشکی ئێرانییەکان چەسپاوە، ئەو بیرۆکەیە وایکردووە ئێران چەند وڵاتێک بگرێتە دەست، لە بەحرەین و سوریا و یەمەن، لە عێراقیش تەنها هەرێمی کوردستانی لێدەرچێت، دەیەوێت دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت، بەڵام کوردستان توانیویەتی هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکان دروست بکات، دەڵێت: کوردستان بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکان دەکات، ئێران هەتاوەکو بیر لە درستکردنی ئەو هیلالە بکاتەوە، واز لە هێرشەکانی خۆی ناهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە سزاکان لەسەر ئێران توندتر دەبێت.
شرۆڤە کارە سیاسیەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانەی عێراق، چەندین ساڵە بوونەتە هاوکاری ئێران، دەسەڵاتیان بەسەر فڕۆکەخانەکانی عێراقدا هەیە لە نەجەف و بەغدا کە بەتەواوەتی لە خزمەتی پێشێلکارییەکانی ئێراندا بوونە، لە سنوورەکانی خوارووش چەکی ئێران دێت و دەڕوات بۆ سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە عێراق دەرگاکانی سنووری بۆی کردۆتەوە، بۆتە هاوکارێکی باشی ئێران، دەڵێت: هەندێ شوێن هەیە لە عێراق، تەنها بەناو ناوچەیەکی عێراقییە، بەڵکو لە راستیدا تەواو ئێرانییە.
وەفا کەریم دەڵێت: جیاوازی هەیە لەنێوان حکومەت و بڕیاری سیاسی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵبژێردراوە و کراوەتە سەرۆکوەزیران، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی بەسەر زۆر شوێن و ناوچەی عێراقدا نییە، چونکە گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو دەسەڵاتیان لەو ناوچانەدا هەیە کە تەنها گوێڕایەڵی ئێرانن، بەڵام مووچە و پشتیوانیان لە حکومەتی عێراقیەوەیە، هیچ یەک لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووش نەیانتوانیووە ئەو گرووپە میلیشیانە بێنێتە نێو سیستەمی بەرگری عێراقی.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، گوتی: ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پێش بڕیارەکان دەخەن، بەڵام وڵاتانی جیهان لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر هاتنە دەنگ، دەڵێت: یەکەمجارە عێراق بوێریی ئەوەی هەبێت سکاڵا دژی ئێران تۆمار بکات، عێراقیش لەسەر پێشێلکردنی سەروەریەکانی بێدەنگ نابێت، بە سکاڵای عێراق، سزاکانی سەر ئێران زیاتر دەبن، ئەوە بەرەو پێشچوونە.