ئاری هەرسین: خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین وەڵامێکی بەهێزبوو بۆ ناحەزانی کوردستان

K24-هەولێر:
کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، پێیوایە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، وەڵامێکی بەهێزبوو بۆ ناحەزانی کوردستان کە ویستویانە هەمیشە درز بخەنە نێو ریزەکانی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ (سێشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024)، ئاری هەرسین کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئهمه راستییەکی بۆ ناحەزانی کورد و کوردستان زۆر بە باشی ئاشکرا کرد، ئەویش ئەوەیە، رەنگە جار جارە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نێوانیان باش نەبێت، بەڵام پێویستە لە ئەمڕۆوە بزانن میللەتی کورد یەکە هەر لە زاخۆوە تا خانەقین، ئەگەر منداڵێک لە زاخۆ لە ئێش و ئازاردا بێت، خەڵکی هەڵەبجە و خانەقین هەستی پێدەکەن، بە پێچەوانەوەشەوە هەر وایە، ئەوە نیشانەیەکی گرنگ بوو بۆ یەکریزی و تەبایی خەڵکی کوردستان، بێگومان خەڵکیش دەبێتە هەوێنی یەکڕیزی لایەنەکان.
ئاری هەرسین دەشڵێت: خەڵکی سلێمانی خەڵکی شۆڕشگیڕ و تێکۆشەرن و شاری هەڵمەت و قوربانی و رۆشنبیرییە، بەڵام پێویستە حیسابی جیۆپۆلیتیکی ئەو ناوچەیەش بکرێت کە چ فشارێک لەسەر ئەو ناوچەیە بوونی هەیە، رەنگە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەموو فشارانە کارێکی ئاسان نەبێت، هاوکات ستایشی هێزەکانی ئەمنی سلێمانی کرد کە زۆر سەرکەووتوانە پرۆسەی خۆپیشاندانەکەیان پاراست.
ئاری هەرسین دەڵێت: ئەگەر نەهامەتی نەتکاتە برا و یەکڕیزت نەکات، ئەوکاتە دوژمن و نەیاری ئەو قەوارەیە بە چ زمانێک پێت بڵێت کە یەک ریز و تەبا بیت، بەداخەوە لەو نەهامەتییە کورد یەک گوتاری نەبوو، دیارە دەستی دەرەکی و ئەو هێزە دەرەکییە توانای ماوە درز بخاتە نێوانمان، یاخود سوود لە درزەکان وەردەگرێت.
ئەو کادیره پێشکەووتووەی پارتی، پێیوایە، میللەتی کورد دەبێت یەک ریز بێت، هیچ شتێکیش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خاکی پیرۆزی کوردستان نابێت، گرنگتر بێت، ههروهها دەڵێت: ئێمە ماڵمان وێران بێت، بەیەکەوە ماڵمان وێران دەبێت، ئێمە بەیەکەوە لە بەلەمێکداین و درزێکی تیایە کە ئاو تێدا دێتە ژوورەوە، ئەو بەلەمە نقوم بێت، سەیری ئەوە ناکرێت کێ لەناو بەلەمەکەدایە، ئەو زەنگە خەتەرناکەی کە بۆ چارەنووسمان لێدەدرێت، ناکرێ بە ئاگا نەبین له ئاستیدا، بۆیە جگە لە یەکڕیزی، هیچ رێگایەکی دیکەمان نییە، با شت لە یەکتر قەبوڵ بکەین، هیچ شتێک تەنازول نییە بۆ یەک.
لەبارەی ئیدانە و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەولێر، ئاری هەرسین گوتی: خۆمان و تەواوی نیشتیمانپەروەران ئیدانەی دەکەین، حکومەتی عێراقیش سەرکۆنەی دەکات، بەڵام بەڕای من عێراق خاوەنی سەروەری نییە، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرۆژی رووناک بەڕێوەدەبرێت، من باسی حەشدی شەعبی ناکەم کە لەلایەن ئێرانەوە بەرێوەدەبرێت، دەڵێت: لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە، ئێران هەژموونێکی زۆر بەهێزی هەیە، پرسیارێک زەق دەبێتەوە لەبارەی ئەوەی، ئایا عێراق خۆی باوەڕی بەو هەڵوێستانە هەیە کە وەری دەگرێت بەرامبەر بە ئێران، ئەوەی دیکەشیان رای گشتی جیهانە، هی ئەوانیش نابێت تەنها لەنێوان بەیاننامەدا بوەستێ، ئەگەر ئەوەی لە گوتارە رۆژنامەوانیەکاندا دەیڵێن کە پێیانوایە ئێران مەترسییەکی گەورە دروستدەکات لەسەر هەرێمی کوردستان، با ئەو کەرەستانە بخەنە بەردەست هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەوەی نەوەک هێرش بکەینە سەر خەڵکی، بەڵکو بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین، وەکو چەکەکانی دژە مووشەکی، چونکە مەحکوم کردن بە کەڵکمان ناێیت، ناکرێت بارودۆخی کوردستان ببەسترێتەوە بە پرسی غەززە.
لەبارەی سکاڵای عێراقیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی هێرشەکانی ئێران، ئاری هەرسین گوتی: نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت زۆنێکی ئارام دروستبکات کە هیچ جوڵەیەکی سەربازیی تێدا روو نەدات، بەچاودێری هاوپەیمانان.