رووماڵ

كازم زوبه‌یدی: ئێران دەسەڵاتی بەسەر جومگە گرنگەکانی عێراق هەیە

كازم زوبه‌یدی، شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازی
كازم زوبه‌یدی، شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازی، ئاماژەی بەوە دەکات، ئێران خاوەن بڕیارە لە عێراق، هەروەها دانانی نەخشەرێگای عێراق بە دەستی ئێرانەوەیە، گوتیشی: راپۆرتەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر جێگەی دڵخۆشی بوو، راستییەکەی بۆ هەموو لایەک روونکردەوە.

كازم زوبه‌یدی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق پشتگیری لە ئێران دەکەن و دۆستی نزیکی ئێرانن، ئێران دەستی وەرداوەتە تەواوی جوومگەکانی عێراق، هەروەها کاتێك باس لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکرێت، سەرکردەیەکی سەربازی ئێران دێتە ئەو وڵاتە لەگەڵ سیاسییەکان دادەنیشێت و نەخشەرێگای چوار ساڵی داهاتووی عێراق دادەنێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و سەربازییە، ئاماژەی بەوەدا، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر تەنیا پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە، هاوکات دوای هێرشەکەش ئەمەریکا ژمارەیەک سزای بەسەر سەرکردەکانی نزیک لە ئێران سەپاند و، سزاشی بەسەر کۆمپانیای فڵای بەغدادا سەپاند.

كازم زوبه‌یدی، راشیگەیاند، راپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکەی ئێران جیگای دەستخۆشی بوو کە دووپاتی راستیەکانی کردەوە، بەڵام بەشێك لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە وشەیەکیش ئیدانەی ئەو کارە ناڕەوایەی ئێرانیان نەکرد، بەڵکو تانەیان لە راپۆرتەکەی پەرلەمانی عێراقیشدا.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و سەربازییە، لە رێگەی شاشەی کوردستان24 پەیامێکی ئاراستەی ئەو سەرکردە سیاسییانەی عێراق کرد کە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێریان نەکردووە و گوتی: "ئەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەی ئێوە نەبوون رۆژێک لە رۆژان خۆتان لە نێو شاخەکانی هەرێمی کوردستان دەشاردەوە؟ ئە ئێوە نەبوون لە سەرکردەکانی کوردستان دەپاڕانەوە کە لە دەستی رژێمی دیکتاتۆری عێراق بتانپارێزێت؟".

گوتیشی: "من ستایشی هەرێمی کوردستان ناکەم، بەڵکو راستییەکان دەڵێم، ئەو هەرێمە لەلایەن  سیاسییەکانی عێراقەوە ستەمی لێکراوە، بەڵام گەلی عێراقی ستەمیان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکردووە، تەنیا سیاسییەکانیان ئەو سەتەمەیان کردووە".

كازم زوبه‌یدی، باسی لەوەشکرد، عێراق بەرگەی هیچ قەیرانێکی دیکەی ئابووری ناگرێت، بەڵکو لە ئێستاوە دانیشتووانەکەی لەبەردەم شۆڕشێکی برسیبووندان، هەروەها بانکی فیدراڵی ئەمەریکا رژدە لەسەر ئەوەی عێراق بخاتە نێو بارودۆخێکی ئابووری زۆر قورس.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".