حەمە رەشید هەرەس : ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هەولێر، کراوەتە سەر مرۆڤایەتی

حەمەرەشید هەرەس
حەمەرەشید هەرەس

K24-هەولێر:

هونەرمەندێکی شاری سلێمانی دەڵێت: ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هەولێر، هێرش کراوەتە سەر مرۆڤایەتی، ئەو جەماوەرەی هاتنە سەر شەقام دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، دڵیان بۆ ئازادی دەکوڵا.

ئەمڕۆ سێشەممە(23ی کانوونی دووەمی 2024)، هونەرمەند و کەسایەتی، حەمە رەشید هەرەس لە بارەی خۆ نیشاندانی جەماوەری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین، دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە کوردستان24 ی راگەیاند: جەماوەرێکی دڵسۆزمان بینی لە خۆ نیشاندانەکانی سلێمانی دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، جەماوەرێک دڵ و جەرگ و هەناویان ئەکوڵا بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان و دژی هەموو هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر میللەتەکەمان، ئەوە زۆر جێی دڵخۆشیبوو، کە بینیمان میللەتێکی یەکدەنگ و ئازادی ویستە.

لەبارەی هەڵوێستی خەڵکی سلێمانی، گوتی: گەشبینم بەوەی هەموومان لە کارەساتەکاندا یەکدەگرین، بەڵام جێی داخە کە لە ئارامیدا شیر و تیر لە یەکتر دەگرین، دەڵێت: ئەو هێرشەکەی کراوەتە سەر هەولێر، بەتەنها هێرش نەکراوەتە سەر هەولێر، بەڵکو هێرش کراوەتە سەر هەموو مرۆڤایەتی، هێرش کراوەتە سەر هەموو ئەوانەی بە دەنگی بەرز دەڵێن دەمانەوێت بە ئازادی بژین، دەمانەوێت وەک مرۆڤ بژین و لە ئاست وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بین، گوتی: من خواستمە لە هەموو هەلومەرجێکدا یەکگرتوو بین، نەوەک تەنها لە کارەساتەکاندا، هونەرمەندی کورد، هونەرمەندێکی نەتەوەییە، مل بۆ هیچ لایەک نادات کە بیانەوێت بیانخەنە ژێر رکێفی ئەجێنداکانیان، رێگەمان بدەن هونەرێکی نەتەوەیی پێشکەش بکەین کە دەچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەموو وڵاتییەکی بەشەرەفی کوردستان، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت کورد بە ئارامی و ئاسوودەیی بژی.

لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین لە رێگەی سینەماوە کارەساتەکانی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە بە جیهانی بگەیەنین، ئەو هونەرمەندە گوتی: هیوادارم رۆژێک لە رۆژان دەسەڵاتی کوردی وا بکات کەسی داهێنەر بێنێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی کارەساتەکانی میللەتەکەمان بگەیننە هەموو جیهان، دراما و فیلمی کوردی دەتوانێ ئەوە بکات و دونیا بە ئاگا بێنن لەو کارەساتانەی بەپێی مێژوو بەسەر کورددا هاتووە.

Fly Erbil Advertisment