هێزەکانی ئەمەریکا بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆردومانکرد

K24 - هەولێر
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، چەند بنکە و بارەگایەکی حزبووڵڵای عێراقی لە قائیم و جەرەفولسەخر بۆردومانکرد، حەشدی شەعبیش رایدەگەیەنێت، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا کوژراو و بریندار هەن.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێرشەکەی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکرد.
فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا شوێنی مەشقکردنی چەکداران لە سەر هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان کراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکانیان وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
هەر لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا، حەشدی شەعبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلیگرام بڵاویکردووەتەوە، کە هێزەکانی لە شاری قائیم هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە کوژراوو بریندار هەن.
کاتژمێر 6:30ی ئێوارەی رۆژی 20ی ئەم مانگە گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە، بە نزیکەی 20 مووشەکی بالیستی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق کردە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدا جێگیرە، دوای هێرشە مووشەکییەکان ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بە چەندین مووشەکی بالیستی لە رۆژئاوای عێراق بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان کردە ئامانج، بەهۆی کاریگەری دەنگەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی زیان بەر سەریان کەوتووە و سەربازێکی عێراقیش برینداربووە.
لەلایەن خۆیەوە یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک بنکەی لیوای 29ـی فرقەی حەوتی سەر بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە لە بنکەی عەین ئەسەد کەوتووەتە خوارەوەو بەهۆی سەربازێکی عێراقی برینداربووە و زیان بە بارەگای لیوای 29 گەیشتووە.