30 قوتابخانەی نوێ لە هەولێر دروستدەکرێن
K24-هەولێر:
گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی پەروەردە بەردەوامە، پلانیش هەیە 30 قوتابخانەی نوێ لە پارێزگای هەولێر دروست بکرێت، جگەلەوەی لە ماوەی رابردوودا 200 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ئاشکرای دەکات ئامادەکاری کراوە لەو ناوچانە قوتابخانەی نوێ بکرێتەوە کە هەژار نشینن و قەرەباڵغی زۆری تێدایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت سیستەمی ۆەروەردەیی پەرە پێبدات، بۆ پەرەپێدانی ئەو کەرتە 200 قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە و 99 ژووری نوێشی دروستکردووە، دروستکردنی 30 قوتابخانەی نوێ لە گەڕەکەکانی هەولێر لە پلاندایە، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی دەکەونە قەراغ شار و گەڕەکی هەژار نشینن.
لوقمان سەعید، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە کوردستان24 ی راگەیاند: لەو قوتابخانانەی کە قەرەباڵغی زۆریان لەسەر بوو، چەندین ژووری نوێ دروستکران، لەو پۆلانەی کە 56 قوتابی لە ژوورێکدا بوون، کە ژوورە نوێکان دروستکران، قەرەباڵغیەکە کەمبویەوە بۆ 35 قوتابی لە پۆلێکدا.
پارێزگای هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە، لیژنەکە پلانێکی تۆکمە دادەنێن بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و پێویستی قوتابخانەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لێژنەکە لێکۆڵینەوە لەو شوێنانە دەکات کە پێویستیان بە قوتابخانەیە و ئامانجەکەش زیاتر ئەو شوێنانەن کە قەرەباڵغی زۆری لەسەرە.
موسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەمساڵ وەکو قۆناغی یەکەم و، وەک پلان کار لەسەر 30 قوتابخانە دەکەن، دەڵێت: ئەگەر ئەو 30 قوتابخانەیە دروست بکرێت، قۆناغێکی نوێ دەبێت لە سێکتەری پەروەردەدا، ئەگەر پێویستی دیکەش بمێنێت بۆ دروستکردنی قوتابخانە، ساڵانی دادێ کاریان بۆ دەکرێت لە چوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردن.
لە پارێزگای هەولێر 55 هەزار و 848 قوتابی هەیە لە قۆناغی باخچە تا دەگاتە 12 ئامادەیی و پیشەییەکان، تا ئێستا هەزار و 621 قوتابخانە هەیە بۆ ئەو ژمارە قوتابییە، بڕیارە وێڕای دروستکردنی قوتابخانە، ژووری نوێش لە ژمارەیەک قوتابخانە دروست بکرێت وەک پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی قوتابخانەکان.
