شرۆڤەکارێک: هێرشکردنە سەر هەولێر هێرشکردنە بۆ سەر سەروەری عێراق

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆسەر هەرێمی کوردستان- هەولێر، هێرش کردنە بۆ سەر سەروەری عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، د. کامەران ساڵەیی، مامۆستا و شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانەی گەشتی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لەو کاتەوەی کە هەرێمی کوردستان دروست بووە، مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ دراوسێ و لایەنێک و هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک هەوڵیداوە پەیوەندییەکی زۆر باش دروست بکات لەگەڵ هەموو دراوسێکانی، پەیوەندییەکانیش تازە نین پەیوەندییەکان قووڵن لە رووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەو وڵاتانە و هێرشکردنیش پاساو نییە، هەتا ئەگەر گومانیش هەبێت دەتوانن بەشێوەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ چارەسەر بکەن.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان دەیانتوانی زۆر بە ئاسانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بکەن، لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی ئێمە و ئەوان، لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەیە بیخەنە روو، تا ئێستا ئێران چی ویستووە هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردووە، بۆ نموونە کێشەی سنووری ئێران ئەو کێشە نەما، بەڵام لەناکاو بێیت هێرش بکەیت بە پێی راپۆرتێکی هەندێک کەسی دوژمنی کوردستان و خەڵکی سڤیل بکەیتە ئامانج، ئەمە دەبیتە جێگەی نیگەرانی لەناو میللەتی کورد".

د. کامەران ساڵەیی، مامۆستا و شرۆڤەکاری سیاسی گوتیشی: "پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران تا ئێستا پەیوەندییەکی ئاسایی بووە، پەیوەندییەکە جگە لەوەی کە ئابووری بووە، کۆمەڵایەتیش بووە، کوردستان هەرگیز نکۆڵی لەو هاوکارییانەی ئێرانی نەکردووە کە پێشکەشی میللەتی کوردی کردووە، هەمووکات بە ئاشتی لەگەڵ ئیراندا ژیاوین، ئەوەی کە رووشیدا دیارە دەیانەوێت لەرێگای هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان فشاری زیاتر بخەنە سەر ئەمەریکا بۆ ئەوەی عێراق جێبهێڵێت".

راشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان چەند پێشکەوێت و لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە بۆ ئێران باشە، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان باشتر دەبێت لەگەڵیان، ئێمە پەیوەندی چەند ملیار دۆلارمان هەیە لەگەڵیان لە رووی بازرگانی، ئەگەر ئێمە هەرێمێکی هەژاربین چ بازرگانییەکمان لەگەڵ دەکەن؟، رەنگە مەبەستەکەش زیاتر سیاسی بێت و ئەوان زیاتر مەبەستییان ئەوەیە کە کوردستان دوور کەوێتەوە لە ئەمەریکا، ئەوەش بەدەستی کورد نییە، ئەمڕۆ ئەمەریکا دادوەری هەموو ناوچەکەیە، ئەوەش کێشەی میللەتی کورد و کوردستان نییە، کێشەی حکومەتی عێراقە، دەبێت ئەو ئەوە چارەسەری ئەوە بکات، هەر هێرشێکیش بۆ سەر کوردستان، شکاندنی سەروەری عێراقە، چونکە حکومەتی عێراق دەڵێت هەرێمی کوردستان بە شێکە لە ئێمە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.