رەنگە ئەم وەرزە بۆ یاریزانێکی بارسێلۆنا کۆتایی بێت

دیمەنی پێکانەکەی ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری بارسێلۆنا
دیمەنی پێکانەکەی ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری بارسێلۆنا

یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو دۆڕا و ماڵئاوایی کرد، لە هەمان کاتدا خەریکە قوربانی دووەمیش دەدات.

لەم یارییە ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری باڵی چەپی یانە کەتەلۆنیەکە، لە رانی راستی تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەم هۆیەوە نەیتوانی لە یاریکردن بەردەوام بێت. سەرەتا سەرچاوەکانی نزیک لەو یانەیە بڵاویان کردەوە، ئەو یاریزانە پێکانەکەی قورس نیە، بەڵام دواتر بە پێچەوانەوە دەرچوو.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، پێکانەکەی باڵدێ لەوە قورسترە کە چاوەڕێ دەکرا، ئەو یاریزانە بڕیارە پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ باڵدێ، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە چیدیکە ناتوانێت بەشداری یارییەکانی یانەکەی بکات، هەروەها رەنگە بەهۆی ئەو پێکانەی، بەشداری یۆرۆی داهاتووش لە ئەڵمانیا نەکات، کە بڕیارە مانگی شەشی ئەمساڵ بکرێت.