چیرۆکە تراژیدیایەکەی ئەیمەن حوسێن گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق

ئەو کاتەی خێسۆس کاساس راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی عێراق، لیستی ناوی یاریزانەکانی بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا بڵاوکردەوە، زۆرێک تووشی شۆک بوون، کاتێک بینیان ئەیمەن حوسێن هێرشبەری یانەی قوەجەویە بانگهێشتکراوە، لەبەر ئەوەی پێیانوابوو ئەو یاریزانە شایستەی ئەوە نیە بەشداری پاڵەوانتیەکە بکات.
دوای دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و ئەنجامدانی سێ یاریی، ئەیمەن حوسێن توانی بە ئاستە بەرزەکەی سەرکردایەتی بردنەوەی هەرسێ یارییەکەی هەڵبژاردەکەی بکات و بە تۆمار کردنی پێنج گۆڵیش بووەتە گۆڵکار و تاوەکو کۆتایی قۆناغی یەکەم، پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی گرتووە.
ئەیمەن حوسێن ژیانێکی سەختی بەرێکردووە، ئەو یاریزانە هەر لە منداڵیەوە دەنگی تەقینەوە و شەڕ و پێکدادان بەر گوێکەوتووە، ئەویش بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی وڵاتەکەی، لە ساڵی 2003 کاتێک ئەیمەن تەمەنی تەنها 7 ساڵ بوو، وڵاتەکەی رووبەڕووی جەنگێکی خوێناوی بوو.
جەنگەکە کۆتایی هات و رژێمی پێشوو روخا و ئەیمەن تەمەنی هەرزەکاری دەستی پێکرد، بەڵام رووبەڕووی گەورەترین کارەساتی ژیانی بوو، کاتێک باوکی لە ساڵی 2008 لەلایەن رێکخراوی قاعیدەەوە کوژرا کە لەو کاتەدا وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردبوو، چونکە باوکی ئامادە نەبوو ریزەکانی سوپای عێراق جێبێڵێت.
ئەیمەن لە چاوپێکەونێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە، ساڵی 2008 کاتێک پەیوەندی بە باوکی دەکات، کەسێکی دیکە وەڵامی پەیوەندیەکەی دەداتەوە و پێدەڵێن باوکی لە نەخۆشخانەیە، کاتێک سەردانی نەخۆشخانەیان کرد، بینیان باوکیان لەلایەن رێکخراوی قاعیدە کوژراوە.
ژیانە تراژیدیایەکەی ئەیمەن حوسێن کۆتایی نەهات و بەردەوام بوو، دوای ساڵانێک و دروستبوونی رێکخراوی داعش، ئەمجارەیان ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە برا گەورەکەیان دەستگیر کرد و تاوەکو ئێستاش چارەنوسی براکەیان نادیارە و ئازاد نەکراوە.
ئەیمەن حوسێن وەک خۆی دەگێڕێتەوە، یەکەم دەرکەوتنی لە وەرزی 2013 بۆ 2014 لەگەڵ یانەی دهۆک بوو، ئەو کاتە بوو کە داعش براکەیان دەستگیر کرد و دواتریش خانووەکەیان خاپور کرد و هەموو خانەوادەکەیان پەرتەوازە بوون.