ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی گەڕی 16 خولی نایابی کوردستان
ئەمڕۆ هەینی 26ـی یەنایەری 2024 بە ئەنجامدانی چوار یاریی دیکە، کۆتایی بە گەڕی 16 خولی نایابی کوردستان هات، لە گرنگترین یاریش شێروانە بە ئەنجامی 2-0 لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر سۆران بردنەوەی بەدەستهێنا و پێشەنگی خولەکەشی بە ئاکرێ چۆڵکرد.
شێروانە دوای بەرامبەربونەکەی یاریی رابردووی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی، رووبەڕووی سۆران بووەوە و توانی یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 بباتەوە، گۆڵەکانی یارییەکەش لە رێگەی موئەیەد سەفا لە خولەکی 9 و هەروەها محەمەد ئەرکان لە خولەکی 80 تۆماریان کرد.
شێروانە بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 28 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ، پێشەنگایەتی خولی نایابی کوردستانی بە ئاکرێ چۆڵکرد، سۆرانیش تووشی حەوتەم دۆڕان بوو و لە پلەی 13 دێت بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ.
ئەنجامەکانی دیکەی گەڕی 16 خولی نایابی کوردستان بەم شێوەیەن:
پێشمەرگەی هەولێر 3-1 هەندرێن
دهۆک 1-0 سەیدسادق
سیروانی نوێ 3-2 ئارارات
دەربەندیخان 1-0 رانیە
ئاکرێ 1-1 زاخۆ
برایەتی 2-1 شەقڵاوە
هەولێر 0-0 چوارقوڕنە