بایدن: دەبێت سنوورەکانی ئەمەریکا توندتر بکرێن
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆشکی سپی لەگەڵ ئەنجومەنی پیران کۆبووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی سنوورەکان.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە ئیدارەکەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی دیموکرات و کۆمارییەکان راوێژ دەکەن بۆ ئەوەی قەیرانی کۆچبەری لەسەر سنوورەکان یەکلایی بکەنەوە.
بایدن لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، راوێژکارەکان رێککەوتوون لەسەر "توندکردن و پاراستنی سنوورەکان".
سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئەگەر کۆنگرێس یاساکە پەسەند بکات، ئەوا "دەسەڵاتی رەها" بەدەست دەهێنێت بۆ داخستنی سنوورەکان. گوتیشی: "ئەگەر ئەم دەسەڵاتانەم هەبوایە، هەمان رۆژ یاساکەم واژووم دەکرد و بەکارم دەهێنا.
راشیگەیاند، دەبێت کۆنگرێس رەزامەند بێت لەسەر تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ پاراستنی سنوورەکان.
قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک مشتومڕەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تەکساس و دەسەڵاتدارانی فیدراڵی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئاسایشی سنوورەکان و رێوشوێنەکانی دژ بە کۆچبەری نایاسایی لەو بابەتانە بوون کە ناکۆکی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دروستکرد، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنی یاسایەک کە پێویستی بە تەرخانکردنی 106 ملیار دۆلار بوو بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە جیاوازەکان، کە بریتییە لە دابینکردنی بودجەی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل.
بایدن لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە داوای ئەم بڕە پارە زیادەی لە کۆنگرێس کردبوو. بەهۆی ناکۆکی لەسەر رێوشوێنەکانی پاراستنی سنوورەکان، کۆنگرێس تا ئێستا پەسەندی نەکردووە.