گۆتێرس: دەبێت هەموولایەک پابەندی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی بن لەسەر کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان
K24 - هەولێر
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، رایگەیاند، دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی، لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان، پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆتێرێس ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی کردووە کە داوا لە ئیسرائیل دەکات بەپێی رێککەوتننامەی جینۆساید، هەموو رێوشوێنێک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا سەبارەت بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر، بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەو کردەوانە کە ماددەی دووەمی رێککەوتنەکە دەیگرێتەوە، لەوانە کوشتن، زیانگەیاندن بە جەستە یان دەروونی، سەپاندنی بارودۆخی ژیان بە مەبەستی لەناوبردنی بە کۆمەڵ و هەروەها رێگریکردن لە لەدایک بوون.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارەکانی دادگا ئیسرائیل پابەند دەکات کە "سوپاکەی هیچ کام لەم کارانە ئەنجام نادات".
ئاماژەی بە دووپاتکردنەوەی دادگا کرد کە "هەموو لایەنەکانی ململانێی کەرتی غەززە پابەندن بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان" هەروەها دادگا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەو بارمتانە دەکات کە لە کاتی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل دەست بەسەرکراون.
گۆتێرێس گوتیشی: بڕیارەکانی دادگا بە پێی میساقی دادگا پابەندکەرن بۆ هەموو لایەنەکان، هەروەها متمانەی بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە بڕیارەکانی دادگا هەیە.
بەپێی بەیاننامەکە، گۆتێرێس بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی دادگا، بڕیاری رێوشوێنە کاتیەکان کە لەلایەن لیژنەی دادپەروەری نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئیسرائیل دەرچووە، ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات.
دواتر سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەنجومەنەکە رۆژی چوارشەممە کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیارنامەی "دادپەروەری نێودەوڵەتی" کە داوای لە ئیسرائیل کرد رێگری لە هەر کردەوەیەکی "کۆمەڵکوژی" لە کەرتی غەززە بکات.
دوێنێ هەینی، دادگای دادی نێودەوڵەتی، فەرمانی بە ئیسرائیل کرد کە رێوشوێنی رێگری لە کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان و باشترکردنی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر، بەڵام بڕیارەکە دەقی ئاگربەستی تێدا نەبووە.
لە 11 و 12ی ئەم مانگە، دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای دوو دانیشتنی گشتی ئەنجامدا لە چوارچێوەی دەستپێکردنی ئەو داوایەی کە باشووری ئەفریقا لە دژی ئیسرائیل بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆماری کرد.