زیقار.. بەهۆی گەندەڵیەوە لێکۆڵینەوە لە 20 پڕۆژە بەبەهای زیاتر لە 30 ملیار دینار دەکرێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، سەرپێچی و گومانی گەندەڵی و پابەندنەبوون بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی زیاتر لە 20 پڕۆژە، بە بەهای 31 ملیار دینار لە پارێزگای زی قاڕ ئاشکرا کرد.
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەت، لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی ناوەندی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردن لە پارێزگای "زیقار" 18 پڕۆژەی لە شەترە و سوق ئەلشیوخ و شەقامی نیل راگرت، هەروەها بەهای پڕۆژەکان 19 ملیار و 322 ملیۆن و 533 هەزار و 500 دیناربووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی ئاسایشی خۆراک بووە، لیژنەکە پەسەندی نەکردووە بۆ رەوانەکردنی گرێبەستەکان کە لەلایەن پارێزگارەوە رێکدەخرێت و جێبەجێ دەکرێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن ڕوونیشیکردەوە، تیمی کاری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەسەڵات لە زی قاڕ چاودێری پابەندنەبوونی کارەکانی پڕۆژەی بیناسازی شەقام لە ناوچەی شەقامی 30ـی بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانەوە کردووە، دەشڵێت: راپۆرتی بەشی وردبینی دەرەکی لە فەرمانگەکە ئاماژەی کردووە کە هیچ تۆمارێکی رادەستکردن و کاری راستەوخۆ لەسەر پڕۆژەکە نەبووە، کە تێچووەکەی زیاتر لە 6 ملیار و 296 ملیۆن دینار بووە، هەروەها کۆمپانیای جێبەجێکار ژمارەیەک بڕگەی گرێبەستەکەی پێشێلکردووە.
فەرمانگەکە راشیگەیاند، جێبەجێکردنی خراپی لە پرۆژەی بیناسازی شەترە کۆرنیش/ قۆناغی دووەمدا بەدیکرابوو کە لەلایەن کۆمپانیای ئەلفاوەوە جێبەجێکراوە وەک بەشێک لە پلانی گەشەپێدانی هەرێم بۆ ساڵی 2013 بە تێچووی زیاتر لە سێ ملیار و 343 ملیۆن دینار بووە،
باسی لەوەشکردووە، گومانی گەندەڵی لە 12 مامەڵەی قەرەبووکردنەوەدا هەبووە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەدان لەلایەن رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، کە بڕە پارەکانیان لەلایەن لیژنەی قەرەبووکردنەوە لە دیوانی پارێزگا خەرجکراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و کۆنترۆڵە کارپێکراوەکانە. لە شارەوانی ناسریە، ئەمە جگە لەوەی شارەوانی موڵکێکی خستە ناو تۆماری تەرخانکردن بۆ زیندانییە سیاسییەکان.