زیاد رەئووف: وەبەرهێنەرانی پۆڵەندا دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن

زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا
زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا

 

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، دەڵێت: لە شەڕی دژی داعش پۆڵەندا هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها لە ئێستادا وەبەرهێنەرەکانیان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سازدانی کۆنفڕانسی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی وەک ئێستادا زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بە دۆخێکی ناهەموار تێپەڕدەبێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا رۆڵی دیپلۆماسییەت لە سیاسیەتی نیودەوڵەتی زۆر گرنگە، دۆخەکە وا دەخوازێت نوێنەرایەتییەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر چالاک بن بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و یارمەتی بۆ هەرێمی کوردستان، هیوادارین بەستنی ئەو کۆنگرەیە لە کاتێکی وەک ئێستا بەرهەمێکی باشی هەبێت.

زیاد رەئووف، دەڵێت: پۆڵەندا وڵاتێکی گرنگە ئەوروپایە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی ئەوروپا هەیە، هەروەها بە فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2004دا لە پۆڵەندا کرایەوە، بەرهەمی ئەو پەیوەندییانەش ئەوەبوو لە سەرەتا رێژەیکی زۆر لە قوتابییانی کورد بۆ مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا ( ماستەر و دکتۆرا) روویان لەو وڵاتە کرد و لە ئێستادا ئەو کەسانە لە هەرێمی کوردستان پۆستی باڵایان هەیە و سوودێکی زۆریان لە ئەزموونی پۆڵەندا وەرگرت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا نزیکەی 200 قوتابی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا دەخوێنن و سوودێکی زۆر لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەردەگرن.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2014دا لە سەردەمی شەڕی داعشدا و هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان، پۆڵەندا یارمەتی زۆری پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کرد و زۆێک لە رێکخراوەکانیشی تا ئەمڕۆش ماون لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: لە ئاستی سەربازیش پۆڵەندا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشدارن و بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری سەربازی و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

زیاد رەئووف، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاستی بازرگانییش، پۆڵەندا و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕێکی زۆری بازرگانی لەنێوانیاندا کراوە، هەروەها رێککەوتننامە لە نێوان ژووری بازرگانی هەرێم کوردستان و پۆڵەند کراوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، جەختی لەوەشکردەوە، وەبەرهێنەرانی پۆڵەندا دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە(28ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.