خۆپیشاندەرێک لە چەمچەماڵ: پەیامی کورد ئاشتی و پێکەوەژیانە

K24 - هەولێر

خۆپیشاندەرێکی چەمچەماڵ رایگەیاند، کورد هەمیشە بە ئاشتی و پێکەوەژیان ژیاوە، کورد حەزی بە کوشتار و ستەم نییە، ئیتر با ئەم ستەم و زوڵمە لەسەر کوردستان بەس بێت.

خۆپیشاندەرێكی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیاممان بۆ داگیرکەرانی کوردستان ئەوەیە بیر لەوە نەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان بێدەنگ دەبێت لە ئاست ئەو هێرشە بۆ سەر هاووڵاتییانی شاری هەولێر، ئەوەی ئێران و پاسدارانی دەیکات نەخوازراو جێی قبووڵکردن نییە.

مامۆستایەکی ئاینییش گوتی: "کورد هەمیشە بە ئاشتی و پێکەوە ژیان ژیاوە، کورد حەزی بە کوشتار و ستەم نییە، ئیتر با ئەم ستەمو زوڵمە لەسەر کوردستان بەس بێت".

بەگوتەی خۆپیشاندەرێکی دیکە، "ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر دەکرێتە سەر هەولێر کە ستەم دژ بە ماڵ و منداڵی هاووڵاتییان دەکرێت،  رژێمی ئێران نا بەر پرسانە هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییانی کورد".

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، کاتژمێر 10:00، خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی چەمچەماڵ، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.

Fly Erbil Advertisment