ئەمەریکا ئیدانەی لە سێدارەدانی چوار گەنجە سیاسییە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر

نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە پەیامێکدا بە تووندی سەرکۆنەی لە سێدارەدانی ئەو چوار گەنجە سیاسییە کوردەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە بەرە بەیانی دوێنێ دووشەممە لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدران.

نووسینگەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر)ی پێشوو، بڵاویکردووەتەوە، لە سێدارەدانی ئەو چوار گەنجە کوردە دەرخەری ئەو راستییە، کە ئێران بە ئاشکرا مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخات، ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لەوەی ئێران بە بەپرسیاری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بناسێنێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی بەدەستی نووسنگەکەیان گەیشتووە، ئەو چوار گەنجە کورد ئەشکەنجەیەکی توندیان دراوە و دادگایکردنەکەشیان نادادپەرەرانە بووە.

کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە (29ی کانوونی دووەمی 2024) دەسەڵاتی دادوەری ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار گەنجی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە هەر چواریان زیندانی سیاسیی بوون.

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی شاری کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، محەمەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی شارۆچکەی دێوڵانی پارێزگای سنەیە، موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج بە تۆمەتی سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیل لەسێدارەدران، لە کاتێکدا زیاتر لە 19 مانگ بوو زیندانی کرابوون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو چوار گەنجە کوردە دوای 19 مانگ و هەشت رۆژ، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (28ی کانوونی دووەمی 2024) بۆ یەکەمجار و دواجار لە زیندانی ئەوین لە تاران دەرفەتی چاوپێکەوتینیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێدراوە، بەڵام دوای چاوپێکەوتنەکە راستەوخۆ بۆ زیندانی قزڵحەساری کەرەج بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان گواستراونەتەوە

دەسەڵاتی دادوەری ئێران پاساوی لەسێدارەدانی ئەم چوار گەنجە سیاسییە کوردەی بۆ بوونی پەیوەندی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە، کە لە (18ی ئەیلوولی 2023) لە لقی 26ی دادگای تاران سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، بەڵام رێکخراوی هەنگاو ئاماژەیداوە، تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و مافی بوونی پارێزەریشیان نەبووە، بۆیە ناڕونییەکی تەواو لە دۆسیەی تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنەکەیاندا هەیە.