لە چەمچەماڵ ماڵی ئارام بۆ بەخشراوان کرایەوە

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، کردنەوەی ماڵی ئارام لە ساڵی 2020ەوە، فەرمانەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، کە جێگەی 40 بەخشراو دەبێتەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کردنەوەی ماڵی ئارام بۆ بەخشراوان لەچەمچەماڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ کردنەوەی ماڵی ئارام لە 23-8-2020 نوسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد، بۆ ئەوەی ئەو بەخشراوانەی هیچ شوێن و ماڵ و کەسوکارییان نییە لە شوێنێک کۆیان بکەینەوە.

گوتیشی: سەرۆکی حکومەت لە 13-10-2020 فەرمانەکەی دەرکرد بەوەی کە ماڵی ئارام بکەینەوە، هەروەها بودجەی بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە و دابینکردنی پێداویستییەکان و دامەزراندنی ستاف تەرخان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ماڵی ئارام جێگای 40 بەخشراو ئەبێت، کە لێرە خزمەتییان ئەکەین، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکان لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، وەک خواردن و جل و بەرگ و هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین ئەکرێت.