چەندین پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێکردندان

K24 – هەولێر:
وەزارەتی کارەبا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا بە گوژمەی 340 ملیۆن دینار لە پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێکردندان و کە خۆی دەبینێتەوە لە، دانانی محاویلە بۆ گەڕەکی شارەوانی قەزای ناوەندی هەڵبجە و دانانی گڵۆپی رووناکی بۆ گەڕەکی کۆکۆییەکان لە سەنتەری شار.
هەروەها دانانی گڵۆپی رووناکی بۆ گەڕەکی تەربیە هەتا گوڵان لە سەنتەری قەزای هەڵەبجە و چارەسەرکردنی بارزۆری کارەبای گوندی بامۆك.
وەزارەتی کارەبا، باسی لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی کارەبا کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە، نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای گوندی گردی قازی، نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای گوندی گێڵەك و نۆژەنکردنەوەی پێکهاتەی رووناکی شەقامی گەڕەکی شارەوانی.
لە درێژەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی کارەبا، ئەوەش هاتووە، نۆژەنکردنەوە و دانانی محاویلە لە گوندی زەڵم لە خورماڵ و جیاکردنەوەی کارەبای گوندی کشەدەری لەگوندی تەپە سەر قوڵە.