جووتیارانی فەرەنسا لە بڕیارێکی حکومەت توڕەن و رێگا سەرەکییەکانی پاریس دادەخەن

K24 - هەولێر
جووتیارانی پاریس لە پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممەوە بە تراکتۆرەکانیان گەمارۆی شارەکەیان داوە، بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و دەربڕینی نائومێدی خۆیان لەو رێوشوێنانەی کە گابرێل ئەتال، سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاندووە.
لەکاردانەوەی بڕیارەکانی حکومەتی فەرەنسا جووتیارانی ئەو وڵاتە، هەشت رێگای خێرایان داخست کە هەموویان بەرەو پایتەخت دەچوون، و تراکتۆرەکانیان بەرەو گەورەترین بازاڕی کشتوکاڵی ئەوروپا برد، کە ناوی "رەنجیس"ـە و دەکەوێتە باشووری پاریسەوە.
جووتیارەکان دەڵێن: ناتوانن ئەوە بکەن کە جووتیارانی ئەڵمانی لە 15ـی کانوونی دووەم کردیان، کە بە چەند هەزار تراکتۆر کۆنترۆڵی بەرلینی پایتەختیان کرد و هاتووچۆی ئەو شارەیان بۆ چەند کاتژمێرێک پەکخست، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی سەرۆک و حکومەت نەیاندەویست پاریس رووبەڕووی هەمان چارەنووسی ئەڵمانیا ببێتەوە، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کۆکردنەوەی 15 هەزار کارمەندی ئەمنی و پۆلیس دەرکرد و رایسپاردن بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی تراکتۆرەکان بکەن بۆ پایتەخت.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داوای جێگیرکردنی زرێپۆشی پۆلیسی لە دەروازەکانی بازاڕی رەنجیس کرد، لە ترسی ئەوەی بەهۆی گەمارۆدانەوە رێگری لە هاتنی خۆراکی تازە بکرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە، کە لانیکەم 10 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن.
وەڵامی سەرەتایی سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا ئەوە بووە کە رایگەیاند، حکومەتەکەی لە سەپاندنی باجی زیاتر لەسەر گازوایلی کشتوکاڵی کشاوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئارامکردنەوەی جوتیاران، جگە لە رێوشوێنە ئیدارییەکانی دیکە لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ.
ئامانجی چوونی جووتیاران بەرەو پاریس، بۆ فشار خستنە سەر حکومەتە، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، لەوانە زیادکردنی کرێ و کەمکردنەوەی باج و پاراستنی هاوردەی هەرزان.
ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، ئەوەی جووتیارەکان هەڕەشەی گەمارۆدانی پاریس دەکەن.
جوتیاران بە دانانی بەربەستی رێگاکان و ئاگرتێبەردانی تایەکان و پاشماوەکان و فڕێدانی خۆڵ لەسەر رێگاکان ئاستەنگیان بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ئۆلاف شۆڵتز بڕیاریدا یارمەتییەکانی سەر گازوایلی کشتوکاڵی هەڵبگرێت، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی ئەڵمانیا، بەم شێوەیە جووتیارانی ئەڵمانیا بەتراکتۆرەکانیان کۆنتڕۆڵی بەرلینیان کرد و بۆ موەیەک هەمو رێگاکانیان داخست.
