ژیان و مه‌رگ له هێڵه‌كانی ته‌ماس
ئه‌وانه‌ی له ده‌ست داعش ڕاده‌كه‌ن به‌سه‌ر شان و پشتی پێشمه‌رگه‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ڵاتنی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، ڕوو له زیاد بوونه و ڕۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گروپه ماڵ و حاڵیان جێده‌هێڵن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڤه‌ره‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
به هۆی زه‌حمه‌تی ڕێگای هه‌ڵاتن و ترسی كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه چێنراوه‌كانی داعش، له ڕیزی هه‌ڵاتووه‌كاندا قوربانی هه‌بووه و ده‌یان كه‌س به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه سنووره ئارامه‌كان، كوژراون یان بۆمبیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه، یان به هۆی گه‌رما و برسیه‌تی و مانه‌وه‌یان بۆ كاتێكی زۆر له ناوچه‌كانی ته‌ماس، مردوون وگیانیان له ده‌ستداوه.
.jpg)
له نێو ئه‌و خه‌ڵكه ڕاكردووه‌دا ده‌یان چیرۆكی نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری ده‌بیسترێت، زۆر جار ده‌كه‌ونه ده‌ست چه‌كداره‌كانی داعش و به كۆمه‌ڵ ده‌یانكوژن، به تایبه‌تی له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، له ناوچه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه ی پارێزگای كه‌ركوك، نزیكه‌ی "85" كه‌س له‌و خه‌ڵكه هه‌ڵاتووانه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه كوژران.
.jpg)
زۆرێك له‌و خه‌ڵكه ڕزگاریان بووه و زۆرێكیش به‌ر له‌گه‌یشتنیان بوونه‌ته نێچیری داوی چه‌كدارانی داعش و كوشتوویانن،فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی كه هێزه‌كانیان له‌و سنوری حه‌ویجه‌وه نزیكه ڕایگه‌یاند" چه‌كدارانی داعش "85" هاوڵاتی سڤیلیان له قه‌زای حه‌ویجه ی ڕۆژئاوای كه‌ركوك كوشتووه و سه‌دان خێزانی ناوچه‌كه‌ش ژیانیان له مه‌ترسیدایه و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ده‌ستگیر كراون و هه‌ڕه‌شه‌ی له سێداره‌دانیان له‌سه‌ره.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه به "ئه‌لمه‌عموری" ناسراوه گوتوویه‌تی" زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌ربڕخانه‌كانی داعشدا كوژراون، گه‌یشتووه‌ته "85" هاوڵاتی سڤیل، و ژماره‌یه‌ك له‌و هاوڵاتیانه ژن و منداڵن،جگه له‌وه‌ی سه‌دان خیزانی دیكه ڕاگیراون و هه‌ڕه‌شه‌ی له سێداره‌دانیان له‌سه‌ره.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه" ته‌رمی كوژراوه‌كان تا ئێستا له ده‌شته‌كاندا فڕێدراون و چه‌كداره‌كانی داعش ڕێگه ناده‌ن كه‌سوكاریان به خاكیان بسپێرن،بۆیه ئه‌وه‌ی له حه‌ویجه ڕووده‌دات، تاوانی كۆمه‌ڵكوژییه دژی هاولاتییه سڤیله‌كان.
.jpg)
سه‌ختی ژیان و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژێر حوكمی دوو ساڵه‌ی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش، و نزیكبوونه‌وه‌ی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان، هێنده‌ی دیكه خه‌ڵكی دووچاری ترس كردووه و خستووه‌نیه‌تیه نێوان دوو به‌رداشه‌وه.
یان ده‌بێت به‌و حوكمه توند و تۆقێنه‌ره‌ی داعش ڕازیبن كه وورده وورده ژیانی له‌به‌ر ناوچه‌كه داماڵیووه، یان ده‌بێت چاوه‌روانی ده‌نگی بۆمبی فڕۆكه و تانكه‌كان بن، كه له‌م زووانه له ناوچه‌كانیان به‌رزتر ده‌بیسترێت و ئۆپراسیۆن ده‌ست پێده‌كات، یان ده‌بێت ڕێگای سێیه‌م هه‌ڵبژێرن و ڕێگایه‌كی دیكه‌ی مردن له نێوان ئه‌و دوو ڕێگایه‌ی پێشوو تاقیبكه‌نه‌وه تا بگه‌نه سنووره‌كانی پێشمه‌رگه.
.jpg)
مۆته‌كه‌ی مه‌رگ و شمشێری سه‌ر ملی خه‌ڵكه هه‌ڵاتووه‌كه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت، له‌و سنوورانه‌دا كۆتایی دێت، كه ده‌كه‌ونه ژێرحوكمی سێره‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌كان.
.jpg)
وێنه‌كانی گه‌یشتن به‌و سنووره جیاوازه و له بری كوشتنی به كۆمه‌ڵ له‌ناو چاڵ و خه‌نده‌قه‌كاندا، لێره پێشمه‌رگه‌كان ده‌بنه به‌رده‌باز و له خه‌نده‌ق و چاڵه‌كان ده‌یان په‌ڕێننه‌وه.
.jpg)
ئه‌مه وێنه‌ی ژنێكی دووگیانه، و له ناوچه‌كانی هێڵی ته‌ماس له ده‌ڤه‌ری مه‌خمور،گیرده‌خوات و تینوییه‌تی بڕستی لێده‌بڕێت،ئه‌و له كوشتن به تفه‌نگ و شمشێر و چه‌قۆكانی داعش ڕزگاری بووه، به‌ڵام مه‌رگێكی دیكه خه‌ریكبووه یه‌خه‌ی پێبگرێت.
له‌وكاته‌دا ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه به‌هانایه‌وه ده‌چن و خۆی و خێزانه‌كه‌ی له‌و نه‌هامه‌تییه ڕزگار ده‌كه‌ن،پێشمه‌رگه‌كان به شان و ملی خۆیان مه‌ترسی مه‌رگ له دایكێك و كۆرپه‌كه‌ی ناوسكی دوور ده‌خه‌نه‌وه و ده‌یگه‌یه‌ننه نه‌خۆشخانه.
.jpg)
زاهیر حه‌سه‌ن كه فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌یه له باشوری مه‌خمور،هه‌واڵی ڕزگاركردنی ئه‌و ژنه دووگیانه‌ی ڕاگه‌یاند،و گوتوویه‌تی ژنه‌كه و خێزانه‌كه‌ی ئێستا ڕزگاریان بووه و گه‌یشتووه‌نه‌ته ناوچه‌یه‌كی ئارام.
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ش ده‌خرێته ژێر چاره‌سه‌رییه‌وه،هه‌وڵه‌كان بێ سوود بووه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی به ته‌واوی تێكچووه و ماوه‌یه‌كی زۆر له دژواریدا ماوه‌ته‌وه پاش هه‌وڵێكی زۆر بۆ چاره‌سه‌ركردن و هاوكاریكردنی، سه‌ره‌نجام گیانی له ده‌ستداوه.
.jpg)
به درێژایی هێڵه‌كانی به‌رگری و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش، ڕۆژانه ئه‌م چیرۆكانه دووباره ده‌بنه‌وه، پێشمه‌رگه‌كان له‌لایه‌ك چاویان له‌سه‌ر سێره‌ی تفه‌نگه‌كانیانه و به هه‌ستیارییه‌وه له‌وبه‌ری خه‌نده‌قه‌كان ده‌ڕوانن، چونكه زۆر شه‌و یان ڕۆژ هه‌بووه، له ناكاو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبه‌كراو یان چه‌ند خۆكوژێك به‌ره‌و ڕوویان هاتووه و چه‌ندین جار جگه له شه‌ڕ و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ل هێرشه به‌رفراوانه‌كانی داعش، به‌هۆی ئه‌و خۆكوژانه‌وه پێشمه‌رگه‌كان قوربانیانداوه.
.jpg)
ئێستا له به‌شێك له‌و سنوورانه‌وه ئه‌و هاوڵاتییه سڤیلانه به‌ره‌و ڕووی پێشمه‌رگه‌كان دێن و له په‌ناگه‌یه‌كی ئارام ده‌گه‌ڕێن،به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی سه‌ر پێشمه‌رگه‌كان نه‌ڕه‌ویته‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا، خۆكوژ و كه‌سانیك هه‌بن بیانه‌وێت زیان به پێشمه‌رگه بگه‌یه‌نن.
شه‌و و ڕۆژ ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ر هێنده‌ی بتوانن له چاوی چه‌كدارانی داعش وونبن، ده‌گه‌نه ناوچه‌كانی پێشمه‌رگه.
.jpg)
له‌وكاته‌ی له نوسینه‌وه‌ی دوا دێڕه‌كانی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا بووم، له ناكاو شێخی هۆزێكی عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی حه‌ویجه، هاواری لێ هه‌ستاو هه‌واڵی ئه‌وه‌ی به گوێی میدیاكاندا دا، كه هه‌ر ئه‌مڕۆ چه‌كدارانی داعش "20" كه‌سیان له قه‌زای حه‌ویجه ئاگر تێبه‌رداوه و سوتاندوویانن، چونكه ئاماده نه‌بوون بچنه ناو ڕێزه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه سه‌ره‌نجام كوشتوویانن.

ئه‌و بارودۆخه‌ی ناوچه‌كانی حه‌ویجه و ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كان، داوا ده‌كه‌ن په‌له بكرێت له ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له‌و خوێنڕێژییه به‌رده‌وامه بگیرێت.
هه‌رچه‌نده چه‌كدارانی داعش له‌م دواییانه‌دا ڕووبه‌رێكی زۆری خاك و ناوچه‌ی له ده‌ستداوه و ئاماده‌كارییه سه‌ربازییه‌كان و سه‌رنجه‌كان كه‌وتوونه‌ته سه‌ر دوا مۆڵگه‌كانی ئه‌و گروپه له موسڵ و چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری،به‌ڵام نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به‌رده‌وامه و درێژه‌كێشانی جه‌نگ سڤیله‌كانی هاڕیووه و هێشتا به‌رداشی ئه‌و شه‌ڕه له‌سه‌ر ئێسك و مۆخیان ده‌سوڕێته‌وه و ئاگری شه‌ڕ ده‌یانسوتێنێت، دیار نییه كه‌ی ئاوێك به‌و ئاگره‌دا ده‌كرێت.
راپۆرت: ع.قه‌ره‌داخی