وەزیرانی بەرگریی یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان24: جەخت لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە
K24 – برۆکسل:
وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوا لە ئێران دەکەن هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان رابگرێت، هاوکات جەخت لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی دووپرسی گرنگ لە برۆکسل کۆبوونەوە، ئەوانیش هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات وەزیرانی بەرگریی یەکێتی ئەوروپا لەرێگەی کوردستان24ـەوە جەخت لەسەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، بەتوندی داواش لەئێران دەکەن هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان رابگرێت.
لەوبارەیەوە ئانک بایلەڤڵد، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بەکوردستان24ـی گوت: لە هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر نیگەرانن، بەتوندی داوا لەتاران دەکەن ئەو هێرشانە رابگرێت و داوا لە عێراقیش دەکەین رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
لەلایەکی دیکەوە، سمیچە مۆڵەر، سکرتێری دەوڵەتی پەرلەمان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، رایگەیاند، ئەگەری هەیە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئاڵۆزبێت و شەڕی غەززە بتەقێتەوە، لەو دۆخەش زۆر نیگەرانین، هەربۆیە ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان.
ئەوەی پەیوەستە بە گرژییەکانی دەریای سوور و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆزیپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەوەڵامی کوردستان 24 جەختی لەوەکردەوە، دروستکردنی هێزێکی دەریای لەلایەن یەکێتی ئەورپاوە بۆ پاراستنی دەریای سوور لە میلیشیا حووسییەکان بڕیاری لەسەر دەدرێت، هیوادارن تا 17ـی مانگی داهاتووش هێزەکە پێکبهێنرێت.