واشنتن پۆست هۆکاری دوورخستنەوەی فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات

زالۆژینی و زێلێنسکی
زالۆژینی و زێلێنسکی

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی هۆکاری نیازی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ دوور خستنەوەی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا ئاشکرا کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی راگەیاند، ڤلادیمێر زێلێنسکی لەگەڵ زالۆژینی لە 29ـی کانوونی دووەم کۆبووەتەوە و بریارەکەی خۆی پێ راگەیاندووە کە لە پۆستەکەی دووری دەخاتەوە، زێلێنسکی بە فەرماندەکەشی راگەیاندووە، رەنگە ئەو دوور خستنەوەیە کاریگەری لەسەر هاوپەیمانەکانی ببێت کە بەو دواییانە هاوکارییەکانیان کەمکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکە بە زالۆژینی گوتووە، ئۆکرانییەکان لەشەڕکردن بێزار بوون، هەروەها وڵاتانیش پاڵپشتییە سەربازەکانیان کەم کردووەتەوە، لەبەرئەوە پێویستە فەرماندەیەکی نوێ بۆ ئەم دۆخە دابنێین، لە هەمان کاتدا زێلێنسکی پێشنیاری پۆستی راوێژکاری بۆ ئەو فەرماندەیە خستووەتە روو، بەڵام زالۆژینی پۆستەکەی رەت کردووەتەوە.

رۆژنامەکە دەشڵێت: سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ داواکارییەکانی زالۆژینی لە زێلێنسکی، کە داوای لێکردووە بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی بەر سوپای ئۆکرانیا کەوتووە، ئەمساڵ پێویستیان بەدامەزراندنی زیاتر لە 500 هەزار سەرباز هەیە. ئەمە جگە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و بڕینەوەی مووچە بۆ سەربازە نوێیەکان.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، کە ماوەی چەند مانگێکە زێلێنسکی و زالۆژینی نێوانیان تێکچووە، بەڵام بەهۆی میدیاکانەوە فەرمانی دوورخستنەوەکەیان دواخستووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان پیشبینی دەکرێت لەگەڵ دوور خستنەوەی زالۆژینی زۆرێک کارمەندە پلە بەرزەکانیش دوور بخرێنەوە.