هیندستان کۆترێک دوای هەشت مانگ لە زیندانیکردن ئازاد دەکات

ساتی ئازادکردنی کۆترەکە - وێنە: AP
ساتی ئازادکردنی کۆترەکە - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

لە هیندستان کۆترێک دوای هەشت مانگ لە زیندانیکردن ئازادکرا، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون راست نین و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیخوڕییەوە نییە.

دەسەڵاتدارانی هیندستان دوای هەشت مانگ لە دەستبەسەرکردنی کۆترێک کە لە مانگی ئایاری 2023 لە بەندەری مۆمبای  دەستگیرکرا، رۆژی (1ـی شوباتی 2024) کۆترەکەیان ئازاد کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە کۆترەکە کۆترێکی ئاسایی پێشبڕکێ بووە و لە تایوانەوە هاتووە.

هێزەکانی پۆلیسی هیندستان لە کاتی دەستگیرکردنیدا، لە قاچەکانی کۆترەکە دوو ئەڵقەیان دۆزیوەتەوە کە بە پیتی چینی لەسەری نووسرا بوو، بۆیە گومانی ئەوەیان کرد کۆترەکە کاری سیخوڕی بکات و لەلایەن چینەوە نێردرابێت.

هەرچەندە هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی جۆری لێکۆڵینەوەکان و رەوشی ژیانی کۆترەکە لەماوەی ئەو هەشت مانگە لە دەستبەسەریدا نەدراوە، بەڵام دواجار بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمنی و دادوەری ئەو وڵاتە روونبووەتەوە کە ئەو کۆترە هیچ پەیوەندییەکی بە وڵاتی چینەوە نییە.

بەکارهێنانی کۆتر لە کاری سیخوڕی و ناردنی هەواڵ و پەیام تەکنیکێکی کۆنە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە لە مێژوودا بەکارهێندراوە، کە لە سەردەمی ئێستا وێڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندی و گەیاندن، هاوکات بەکارهێنانی درۆن یەکێکی دیکەیە لەو تەکنیکانەی کە پێشتر لەرێگەی کۆتر و باڵندەکانەوە بەکاردەهێندرا.