وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: بلینکن سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن بە مەبەستی پێشنیازی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ئەمڕۆ هەینی (2ـی شوباتی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشنیازی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لە غەززەن و لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ لەو کەرتە پێشدەخات.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، بلینکن لە پێنجەمین گەشتی خۆیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی میسر، قەتەر و سعوودییە دەکات کە پێشەنگی نێوەندگیرییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوونە لە راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان.
رۆژی دووشەممە (8ـی کانوونی دووەمی 2024)، کەناڵی 'ئێن بی سی نیوز'، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە یاوەری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی "ئەنتۆنی بلینکن" دەکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن پێشبینی کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە دەکات لەماوەی چەند هەفتەیەکدا.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاشکرای کرد، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەکانی ئەو هەفتەیەی، ئیسرائیل رادەسپێرێت بە گرنگیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە لە نزیکترین کاتتدا.