"بی وەن بۆمبەر" دوای 26 ساڵ جارێکی دیکە چەند ناوچەیەکی عێراق بۆمباران دەکات

کوردستان24 تایبەتمەندییەکانی B-1B و شوێنی فڕینی فڕۆکەکە بڵاودەکاتەوە

فڕۆکەی شەڕکەری B-1 Bomber
فڕۆکەی شەڕکەری B-1 Bomber

K24 - هەولێر

دوای 26 ساڵ، هێزی ئاسمانی سوپای ئەمەریکا بە فڕۆکەی جەنگیی B-1 ناسراو بە (B-1 Bomber) کە هێرشکەرێکی وێرانکارو وردە لە پێکانی ئامانجەکانی لە عێراق و سووریا بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆمباران دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوە فەرمییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا لە رێگەی 125 مووشەکی ئاراستەکراو، 85 ئامانجیان لە عێراق  و سووریا پێکاوە، کە سەر بە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی بوون، ئەمەش لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن لە هەفتەی رابردوو، کە هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.

یەکێک لەو فڕۆکە شەڕکەرانەی لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەکارهاتووە، بەگوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا  B-1ـە، کە بە (B-1B یان B-1 Bomber) ناسراوەو جێگرەوەی فڕۆکەی شەڕکەری B-52ـە و لە ئەمەریکاوە فڕیوەو راستەوخۆ هاتووەتە ئاسمانی عێراق و سووریا ئامانجەکانی پێکاوە.

فڕۆکەکە لەلایەن کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکییەوە دروستکراوە و تاوەکوو ئێستا چەند ژمارەیەکی دیاریکراوی لێ بەرهەمهێنراوە. درێژی فڕۆکەکە 44.5 مەترە و بەرزییەکەی 10 مەترە. هەروها کێشی فڕۆکەکە بە تەقەمەنییەوە زیاتر لە هەشت تۆن و 600 کیلۆگرامە.

فڕۆکەی شەڕکەری (B-1 Bomber) لە توانیدایە زیاتر لە 34 تۆن مووشەک و تەقەمەنی هەڵگرێت، توانای فڕینیشی کیشوەربڕە بۆ پێکانی ئامانجەکانی دەتوانێت بگاتە هەموو سوچێکی جیهان.

نرخی هەر فڕۆکەیەک 317 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و شوێنی تەنیا چوار ئەفسەری فڕۆکەوانی هەیە.

سوپای ئەمەریکا یەکەمینجار کە فڕۆکەی B-1 Bomber بەکارهێنا لە ساڵی 1998 بوو لە ئۆپراسیۆنی رێوی بیابان بوو لە عێراق، کە چەند ئامانجێکی سوپای ئەوکاتی عێراقی پێکاوە بەر لە شەڕی ئازادی عێراق.