دادگایی کردنی ترەمپ لە واشنتن دواخرا
K24 - هەولێر
دادگای فیدراڵی ئەمەریکا لە واشنتن بڕیاری دواخستنی دادگایی کردنی دۆناڵد ترەمپی دا، لەسەر ساختەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
دادگا ئێوارەی دوێنێ رایگەیاند، دادگایی کردنی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2020، بەهۆی هەندێک پرسی یاسایی بۆ 4ـی مانگی ئادار دواخرا.
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت، رووبەڕووی چوار دادگاییکردنی تاوان دەبێتەوە، کە بە 91 تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار کراوە.
ئەو تۆمەتەی لە واشنتن دراوەتە پاڵ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بووە. کە لەو هەڵبژاردنە ترەمپ بەرامبەر جۆو بایدن شکستی هێنا، دواتر رەتی کردەوە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بهێنێت، کە هەوڵی دا ئەنجامەکان پێچەوانە بکاتەوە.