پۆلیسی هەرێم: بەهۆی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت رێژەی تاوانەکان لە سەدا 40 کەمبووەتەوە

"کۆمەڵگەیەک لە گشت شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ کڕین و فرۆشتن، یان چاکردنەوەی چەک یان دەرهێنانی مۆڵەتی چەک دروست دەکرێت"

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەدا 30 بۆ 40 رێژەی تاوان کەمبووەتەوە.

مقەدەم کارزان ئەمیر، بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت ئەوکەسانەی چەکیان لایە ماوەی ساڵێکیان پێدرا، کەوا بچن لەو بنکانەی بۆیان دیاریکراوە کە ژمارەیان 90 بنکە بوو، چەکەکانیان تۆماربکەن.

گوتیشی: بەهۆی ئەو بڕیارەوە، تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و تەقەکردن بەرێژەی لەسەدا 30 بۆ 40 دابەزیووە، ئەمەش دڵخۆشکەرە، چونکە لە هیچ وڵاتێک تۆ ناتوانی تاوان بنبڕ بکەی. بۆیە هەوڵی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان ئەوەیە تاوانەکان کەم بکەنەوە.

سەبارەت بەدرێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی چەک مقەدەم کارزان گوتی: ئێمە ماوەی ساڵێکمان بەو کەسانە داوە کە بچن چەکەکانیان تۆمار بکەن، دواتر 60 رۆژی دیکەشمان درێژکردەوە بۆ هاووڵاتیان، لە ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی ماوەکە تەواوبووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بچن بەفەرمی داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بکەن. چونکە هەرکەسێک بکەوێتە ناو مەفرەزەکانمان و چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت، ئەوە چەکەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و خۆشی سزا دەدرێت.

بەرپرسەکەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، دواقی دەرچوونی بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت دەستبەجێ هەموو ئەو شوێنانەی مامەڵە بەکڕین و فرۆشتنی چەک دەکەن داخران، دەشڵێت: لە ئێستادا هیچ شوێنێک نییە کڕین و فرۆشتنی چەکی تێدا بکرێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لەو کەسانە دەستگیرکران کە پەیجی ئۆنڵاینیان هەبوو بۆ فرۆشتنی چەک.

لەسەر فەرمانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵگەیەک لە گشت شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دروست دەکرێت، کە هەر هاووڵاتییەک نیازی کڕین و فرۆشتن، یان چاکردنەوەی چەک یان دەرهێنانی مۆڵەتی هەبێت لەو کۆمەڵگەیە ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵگەکەش لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەر ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە بنکەی پۆلیس، بنکەی ئاسایش، لێکۆڵینەوە، بنکەی تەندروستی و بەرگری شارستانی تێدا دەبێت.