غانم عابد شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی: ره‌نگه له داهاتوودا میلیشیاكان وڵاتانی كه‌نداویش بكه‌نه ئامانج
K24 - هەولێر:
له‌باره‌ی هێرشه‌كانی شه‌وی رابردووی ئه‌مه‌ریكا بۆسه‌ر میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له عێراق، سووریا و یه‌مه‌ن، شرۆڤه‌كارێكی سیاسی و ئه‌منی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی له نێوان عێراق ئه‌مه‌ریكا كراوه، له‌وێ په‌یامێك به حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه گوتراوه، بۆیه چه‌ند رۆژێك به‌ر له هێرشه‌كه فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا له‌كار وه‌ستا. گوتیشی: "ره‌نگه له داهاتوودا میلیشیاكانی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئێران وڵاتانی كه‌نداویش بكه‌نه ئامانج".
غانم عابد شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، واشنتن و به‌غدا دوای هێرشه‌كه په‌یامیان هه‌بوو، حكومه‌تی عێراق ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد، هه‌روه‌ها كۆشكی سپی رایگه‌یاند، پێشوه‌خته حكومه‌تی عێراقییان له هێرشه‌كه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی ئه‌م ناڕوونییه بۆ شه‌قام و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق شی بكاته‌وه.
عابد هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ره‌نگه له داهاتوودا ئامانجی میلیشیاكانی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئێران ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا نه‌بێت، به‌ڵكو هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكاش ده‌كه‌نه ئامانج، هاوشێوه‌ی هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
هۆشداریشیدا گوتی: "من به دووری نازانم له داهاتوودا میلیشیاكان هێرش بكه‌نه‌سه‌ر وڵاتانی كه‌نداویش".
ئه‌و شرۆڤه‌كاره گوتیشی: "دوێنێ له‌كاتی بوونی هێرشه‌كان، جموجۆڵی داعش‌یش له ئه‌نبار هه‌بوو، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتی دروستبوونی مه‌ترسی بۆسه‌ر ئێران، ئه‌وانیش هه‌وڵی دروستكردنی مه‌ترسی ده‌ده‌ن".
روونیشیكرده‌وه، سنووری عێراق و سووریا شاده‌ماره بۆ ئێران، چونكه له‌و رێگه‌وه تاران وزه‌ی ده‌ستده‌كه‌وێت، بۆیه ئاماده‌نییه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و شاده‌ماره ئابوورییه بێت.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان له عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته وێرانكران و به‌هۆیه‌وه پتر له 40 چه‌كداری میلیشیاكان و هاووڵاتییان كوژران.