ساموێل وۆربێرگ بۆ کوردستان24: لە رێگەی هێرشەکانەوە پەیامێکی روون و ئاشکرامان بە ئێران و میلیشیاکان داوە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ی راگەیاند، هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەنیا سەرەتایە و لە رۆژانی داهاتوو هەنگاوی دیکەش دەنێین.
رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، لە رێگەی هێرشەکان پەیامێکی روون و ئاشکرامان بە ئێران و میلیشیاکان داوە کە ئیتر کاتی ئەوەیە هێرشەکانتان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا بوەستێنن.
ساموێل وۆربێرگ گوتیشی: " هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران، سەرەتای کاردانەوەی ئەمەریکان بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەرمان و کۆتا هێرش نابن، چونکە ئەم میلیشیایانە هێرشی بێ پاساویان کردووتەوە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، بە دڵنیاییەوە لە رۆژانی داهاتوو کاردانەوەی دیکەش دەبینین".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "دەمانەوێت لە رێگەی ئەم هێرشانە پەیامێکی روون بەو میلیشیایانە و بە رژێمی ئێرانیش بدەین کە پاڵپشتیان دەکات و پێیان بڵێن؛ ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا بوەستێنن، ئێمە نازانین کاردنەوەی ئەو میلیشیایانە چۆن دەبێت بەڵام پەیامەکەی ئەمەریکا پەیامێکی روون و ئاشکرایە".
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودس و گرووپە پاشکۆکانیان ئەنجامدا و زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا لە قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.
له كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازهكهی ئهمەریكا له بنكهی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئهمەریكا هێرشهكانی بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی گرووپ و میلیشیاكان له عێراق و سووریا دهستپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته وێرانكران.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 40 کەس کوژراون.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی دهیڤید بێركهر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کردووە و نامهی ناڕهزایهتی لهبارهی هێرشهكهی سوپای ئەمەریکا رادهستدهكات و له بهشێكی نامهكهدا هاتووه: "بهكارهێنانی خاكی عێراق بۆ یهكلاییكردنهوهی ململانێكان، رهتدهكهینهوه".
رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی ئاسایش و بەرگری راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە رۆژئاوای وڵات بکەن و هەڵوێستە لەسەر وردەکانی شوێنە بەئامانجگیراوەکان بکەن و راپۆرتێکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردانی پێویست لەبارەیەوە.
پێشتریش سهرۆكایهتی پهرلهمانی عێراق له راگهیهندراوێكدا سهركۆنهی هێرشهكانی بهرهبهیانی ئهمڕۆی هێزه ئاسمانییهكانی ئهمهریكای بۆ سهر پێگهی گرووپه چهكدارهكان له عێراقدا كرد و داوای له حكومهتی فیدراڵی كرد پهله بكات له جێبهجێكردنی بڕیاری ژماره 18ـی ساڵی 2020ـی تایبهت به دهرچوونی هێزهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی له عێراق.