گوتەبێژی حوسییەکان: ئەمەریکا و بەریتانیا نزیکەی 50 جار یەمەنیان بۆردومان کردووە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حوسییەکان رایگەیاند، ئەمەریکا و بەریتانیا لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا 48 شوێنی چەند پارێزگایەکی یەمەنیان بۆردومان کردووە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی گرووپی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، "فڕۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا 48 شوێنیان کردووەتە ئامانج، کە 13 هێرش لە سەنعای پایتەختی یەمەن بووە، هەروەها نۆ هێرش لە پارێزگای حەدیدە و 11 هێرشت دیکە لە پارێزگای تەعز و حەفت هێرش لە پارێزگای بەیزا و حەفتی دیکە لە پارێزگای حوجە یەک هێرشیش لە پارێزگای سەعدە بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانە لە هەڵوێستە ئەخلاقی و ئاینی و مرۆییەکانی خۆمان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین پاشگەزمان ناکاتەوە و بێ وەڵام و سزا تێناپەڕێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر یەمەن، تیشکیان خستۆتە سەر ئەو ئامانجانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەکاریان دەهێنن.

دەشڵێت: ئامانجەکان بریتی بوون لە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، سیستەمی مووشەکی، ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، رادار، هەلیکۆپتەر و چەندین دامەزراوەی عەمبارکردنی ژێر زەوی.