ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: دەمانەوێت لەبارەی حکومەتە خۆجێییەکان لەگەڵ پارتی رێکبکەوین
K24 - هەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، دەیانەوێت لەبارەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان لە کەرکووک و نەینەوا لەگەڵ پارتی رێکبکەون. جەختیش دەکاتەوە، "ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکریزبن، دەتوانن باشتر بەرگریی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان بکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، کاتژمێر 11:00 لە دەباشان، لە شاری سلێمانی؛ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکەی دەکات و، بافڵ تاڵەبانیش، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتیی شاندی ئەو حزبە دەکات.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی؛ پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان بەتایبەت لە کەرکووک و نەینەوا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتییە لە ساڵی 2024 و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. نێروەیی گوتی، "ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لەم هەلومەرجەی ئێستادا گرنگیی خۆی هەیە و دۆخی ئەمنی ناوچەکە وا دەخوازێت پارتی و یەکێتی زیاتر لە یەکدی نزیکببنەوە".
وەکو ئەوەی لەتیف نێروەیی باسی کرد، "دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاریدا سەرەتا لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە و لەبارەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان، بە تایبەت لە کەرکووک و نەینەوا لەگەڵ ئەو حزبە رێکبکەوێت، ئینجا دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەست بە گفتوگۆ بکات."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی باسی لەوەش کرد، "دەمانەوێت ئەو دۆخە نالەبارەی لە کەرکووک هاتووەتە پێشەوە نەمێنێت و دەسەڵاتێکی نوێ ئەو شارە بەڕێوەببات و، خزمەتی هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە بکات". دووپاتیشی کردەوە، "ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکریزبن دەتوانن باشتر بەرگریی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان بکەن".